Accessibility links

بەهرام قاسمی: هۆکاری دەست لەکارکیشانەوەی زەریف ئەوەبوو سەبارەت بە سەردانەکەی ئەسەد بۆ تاران پێێ نەوترابوو


دەزگای هەواڵی تەڵەبەی ئێران بڵاویکردەوە یەکێک لە هۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف ئەوە بووە کە سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بۆ تاران پێێ نەوترابوو.

دەزگاکە وتی سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتەکەیدا هاتووە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەئ ئێران بەهرام قاسمییە.

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەست لەکارکێشانەوەکەی زەریفی پەسەند نەکرد و پێگەی زەریفی بەهێزتر کرد لە ناو ململانێ حیزبییەکانی ئێراندا کە ڕەخنەیەکی زۆری لێدەگیرا سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی 2015 لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

دەزگاکە لە قاسمییەوە بڵاویکردەوە " وەزارەتی دەرەوە هیچ زانیارییەکی پێنەدراوە لەسەر ئاستی سەردانەکە، هەروا ماوەتەوە هەتا کۆتایی هاتنی سەردانەکە."

وتیشی " یەکێک لە هۆکارەکانی دەست لەکارکێشانەوەی دکتۆر زەریف لاوازی هەماهەنگیەکان بووە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا. وەکو پێشتر ڕاگەیەندرا، دەست لەکارکێشانەوەکە بەهۆی بابەتێکی تایبەتی و تاکە کەسیەوە نەبووە، ئامانج و مەبەست لێی ئەوە بووە وەزارەتی دەرەوە و سیستمی سیاسیی وڵاتەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ پێگە سەرەکیەکەی خۆیان."

قاسم سولێمانی سەرکردەی فەیلەقی قودس کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و بەرپرسە لە ئەرکەکانی دەرەوەی ئێران، ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەسەد و ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بوو.

هەفتەی ڕابردوو قاسم سولێمانی وتی زەریف کارێکتەرێکی سەرەکییە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیە و خامنەئی پشتیوانی لێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG