Accessibility links

سەرۆک وەزیری نوێی ژاپۆن جەخت لە هاوپەیمانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا دەکاتەوە


سەرۆک وەزیری نوێی ژاپۆن فومیۆ کیشیدا
سەرۆک وەزیری نوێی ژاپۆن فومیۆ کیشیدا

سەرۆک وەزیری نوێی ژاپۆن فومیۆ کیشیدا جەختی لە هاوپەیمانێتی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا کردەوە و ئاماژەی بە نیگەرانیەکانیشدا سەبارەت بە هەڵوێستی چین لەسەر تایوان، وەزیری دەرەوەی ژاپۆنیش دەڵێت " کۆمەڵێک بژاردە لەبەرچاو دەگرین و ئامادەکاری دەکەین بۆ سیناریۆی جیاواز ".

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تۆشیمیتسو مۆتێگی کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە تایوان، کە لە ڕۆژی هەینیەوە چین نزیکەی 148 فڕۆکەی بەسەر ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا بردووە، وتی " هیوادارم ئەم کێشەیە لەڕێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە بەشێوەیەکی ئاشتیانە لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا چارەسەر بکرێت."

مۆتێگی وتیشی " لەجیاتی ئەوەی تەنها چاودێری ڕەوشەکە بکەین، هیوادارین ئامادەکاری بکەین بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی جیاواز کە لەوانەیە ڕووبدەن، ئەوەش بۆ ئەوەی بزانین چی بژاردەیەکمان لەبەردەستدایە."

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا ئاماژەی بەوەداوە ئارەزووی ئەوە دەکات بەردەوام بێت لە سیاسەتەکەی سەرۆک وەزیری پێشووتری ژاپۆن شینزۆ ئابی بۆ گەشەپێدان بە پەیوەندییە ئەمنیەکان لەگەڵ ئەمەریکادا، هاوکاتیش هێشتنەوەی پەیوەندییە بازرگانیەکان لەگەڵ چیندا.

ڕۆژی سێشەممە کیشیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەیامێکی " بەهێزی " لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە بەدەست گەیشتووە، تیایدا ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردۆتەوە لە بەرگریکردن لە دورگە جێناکۆکی لەسەرەکانی ڕۆژهەڵاتی چین کە بە دورگەکانی سیناکاکو ناسراون لە ژاپۆن. پەکینیش دەڵێت دورگەکان سەر بە چینن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG