Accessibility links

حکومەتی ژاپۆن: سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن ڕێدەکەون لەسەر باشکردنی هاریکارییەکان دژی کۆریای باکوور


وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی ڕێکەوتوون لەسەر وەڵامدانەوەی بەرنامە موشەکییەکەی کۆریای باکوور و داوایان لە چین کرد کاری زیاتر بکات.

جێگری باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یاسوتوچی نیشیمۆرا دوای ئەوەی پیۆنگیانگ موشەکێکی هەڵدا و کەوتە ناوچەیەکی ئاوی دارایی ژاپۆنەوە وتی " هەردوو سەرۆکەکە ڕێکەوتوون لەسەر باشکردنی تواناکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور."

وتیشی ئابی و سەرۆک ترامپ ڕێکەوتوون لەسەر پێویستی ئەوەی چین ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت لە بەرپەرچدانەوەی کۆریای باکووردا.

گەورە بەرپرسی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یوشیهیدی سوجا وتی دوو سەرۆکەکە باسیان لە هیچ بژاردەیەکی سەربازیی نەکردووە لەدژی کۆریای باکوور. سوجا وتیشی ژاپۆن لەنزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشووردا کار دەکات وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاقیکردنەوە موشەکییەکە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە نوێترین تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکوور وتی " ئەم ڕەوشە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."

سەرۆک ترامپ وتی هەڵدانی موشەکەکە بەرنامەی ئەمەریکای بەرامبەر بابەتی کۆریای باکوور نەگۆڕیوە، ئەوەش یەک هەفتە دوای ئەوەی ئەمەریکا کۆریای باکووری خستە ئەو لیستەوە کە واشنتن پێی وایە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکووری کرد.

ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایتی تویتەر نوسیوویەتی " سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستیکیەکەی کۆریای باکوور دەکەم کە نابەرپرسیارانەیە. ئەمە سووربوونی ئێمە زیاد دەکات بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر پیۆنگیانگ."

هەروەها نوێنەری ئیتاڵیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات سەبارەت بە نوێترین تاقیکردنەوەی موشەکیی کۆریای باکوور.

لەماوەەی ڕابردوودا سیاسەتمەداران ئاماژەیان بەوەدا کە ئەمەریکا و ژاپۆن داوایان کردووە ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەک ساز بکات سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکە.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور لەژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە بەهۆی بەرنامە موشەکیی و ناوەکییەکەیەوە. هەریەک لە چین و ڕوسیا دەڵێن هیچ هۆکارێک نابینن بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا تەنها لە یەک باردا نەبێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر کۆریای باکوور موشەکێکی مەودا درێژ هەڵبدات یاخوود تاقیکردنەوەی ناوەکیی ئەنجام بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG