ڕۆژنامەی نیکی ئابووری ئاماژەی بەوەدا ژاپۆن پلانی هەیە نزیکەی 270 سەربازی هێزی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بەمەبەستی " پاسەوانیکردنی ئەو کەشتیانەی شتومەک دەگوازنەوە بۆ ژاپۆن "، ئەمەش بەپێی یاسایەک کە ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ژاپۆن دەدات بۆ توێژینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی بیر لەوە دەکاتەوە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، هەروەها سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و ئیماڕات بکات.
ژاپۆن پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی هەیە لەگەڵ هەریەک لە ئەمەریکا و ئێراندا و دەڵێت بەشداری هیچ هاوپەیمانێتیەکی ئەمەریکی ناکات بۆ پاراستنی کەشتیە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
ڕۆژنامەی نیکی لە درێژەی هەواڵەکەیدا وتی حکومەتی ژاپۆن پێشنیاری ڕەوانەکردنی کەشتیەکی پاسەوان و فڕۆکەیەک دەکات بۆ هێزی بەرگری خۆجێی دەریایی تاوەکو بەشداربن لە ئەرکێکدا کە ماوەی ساڵێک دەخایەنێت و دەکرێت ساڵانە ئەرکەکە نوێ بکرێتەوە. هەروەها وتیشی حکومەتی ژاپۆن تاوەکو کۆتای ئەمساڵ پلانەکە تەواو دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز