Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن یوشیهیدی سوگا

سەرۆک وەزیری ژاپۆن یوشیهیدی سوگا وتی دەست لەکارەکەی دەکێشێتەوە و خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ سەرکردایەتی حیزبەکەی.

بڕیارە لەناکاوەکەی سوگا دوای ئەوە دێت ڕەخنەیەکی زۆری لێگیراوە بەهۆی چۆنێتی مامەڵەکردنیەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. سوگا ساڵێک لەمەوبەر وەکو سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری پێشوو شینزۆ ئابی بەهۆی نەخۆشیەوە دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.

سوگا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە یەک ساڵدا لەو کاتەوەی بووم بە سەرۆک وەزیر، هەرچی لە توانامدا هەبووە کردوومە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە، لە سەروو هەمووشیانەوە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا."

ئاماژەی بەوەدا خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە لە یەک کاتدا پێویستی بە " وزەیەکی ئێجگار زۆر هەیە."

وتی " بۆم دەرکەوت کە ناتوانم هەردووکیان بکەم. دەبوو یەکێکیان هەڵبژێرم."

سکرتێری گشتی حیزبی لیبڕاڵی دیموکرات تۆشیهیرۆ نیکای وتی " توشی سەرسوڕمان " بووە لە بڕیارەکەی سوگا لەسەر بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی 29 ی مانگی نۆدا.

نیکای وتی " بەڕاستی جێی داخە. هەرچی لە توانایدا بوو کردی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG