Accessibility links

ژاپۆن تاوتوێی زیادبوونی ژمارەی توشبووان دەکات لە بنکە سەربازییە ئەمەریکیەکاندا


سکرتێری باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یۆشیهیدی سوگا

بەرپرسێکی باڵای ژاپۆن وتی ئەمەریکا و ژاپۆن زانیاری تایبەت دەگۆڕنەوە سەبارەت بە زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکادا، ئەمەش دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەی ئۆکیناوای باشووری ژاپۆن توڕەیی لێکەوتەوە.

ئۆکیناوا ئاماژەی بەوەدا لە 7 ی مانگی حەوتەوە تا ئێستا 62 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 39 کەسیان لە بنکەیەکی ئاسمانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمەریکان لە فۆتینما و 22 کەسی تریشیان لە بنکەی سەربازی هانسن و کەسێکی دیکەش لە بنکەی سەربازی کینسەرە.

سکرتێری باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن یۆشیهیدی سوگا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " بەشێوەیەکی گونجاو هاریکاری دەکەین لەم بارەیەوە، ئەمەریکا و ژاپۆن زانیاری لەنێوانیاندا دەگۆڕنەوە سەبارەت بەو سەربازانەی توشبوون."

ئۆکیناوا میوانداری زۆرینەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ژاپۆن.

بەڵام زۆرێک لە دانیشتوانی ئۆکیناوا کە ڕووداو و تاوانەکانی ناوچەکە دەبەستنەوە بە بوونی بنکە سەربازییە ئەمەریکیەکانەوە دەیانەوێت ژمارەی سەربازە ئەمەریکیەکان کەم بکرێنەوە یاخود لە ناوچەکە نەمێنن.

وتەبێژێکی سەربازی ئەمەریکا وتی " هەوڵێکی زۆر دەدەین تاوەکو خۆمان بەدووربگرین لە تێکەڵبوون لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەدا، هەروەها چاودێری ئەوانەش دەکەین کە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشبووەکاندا هەبووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG