Accessibility links

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ژاپۆن باری نائاسایی لە ناوچەی تۆکیۆی گەورە ڕادەگەیەنێت


بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکومەتی ژاپۆن ڕۆژی پێنجشەممە باری نائاسایی لە ناوچەی تۆکیۆی گەورە ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەکەن تۆکیۆی پایتەخت دووبارە ژمارەی پێوانەیی لە حاڵەتەکانی توشبوونی ڕۆژانە تۆماردەکات.

ڕێوشوێنە نوێیەکان کە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبن، سوکتر دەبن لە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا، هەروەها سوکتریش دەبێت لەو بارە نائاساییەی کە لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕاگەیەندرا.

ڕێوشوێنە نوێیەکان چێشتخانە و قاوەخانەکانیش دەگرێتەوە و داوایان لێدەکرێت زووتر شوێنەکانیان دابخەن، هەروەها داوا لە خەڵکەکەش دەکرێت بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.

هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی تۆکیۆی پایتەخت و سێ ناوچەکەی دەوروبەری دەکرێت ڕێژەی کارکردن لە ماڵەوە زیاد بکەن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی جوڵەی هۆکارەکانی گواستنەوە بۆ لە سەدا 70 کەم ببێتەوە.

بەڵام خوێندنگاکان داناخرێن و ڕێگە بە چالاکیە گەورەکان دەدرێت، بەشێوەیەک کە لە چالاکییەکدا تەنها 5000 کەس دەتوانن ئامادەی بن.

واپێشبینی دەکرێت سەرۆک وەزیری ژاپۆن یوشیهیدی سوگا ڕۆژی پێنجشەممە بە فەڕمی ڕێوشوێنەکان ڕابگەیەنێت، بەڵام وەزیری بەرپرس لە وەڵامدانەوەی پەتای کۆرۆنا ئاماژەی بەو ڕێوشوێنانەدا کە پێشبینی دەکرێت جێبەجێ بکرێن، هۆشیاریشیدا سیستمی تەندروستی تۆکیۆ " هیلاکە ".

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ژاپۆن ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی پێنجشەممە تۆکیۆ تۆمارکردنی 2400 حاڵەتی توشبوونی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت کە ئەوەش لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەیەکی پێوانەییە لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG