وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر بەدووری زانی وڵاتەکەی ئەو کەسانە ڕادەست بکات کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت دەستیان هەبووبێت لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچیدا، ئەمەش دوای ئەوەی دادوەری گشتی ئیستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون.
هەفتەی ڕابردوو دوو بەرپرسی تورکی وتیان دادوەری گشتی گەیشتۆتە ئەو دەرەنجامەی کە قەحتانی گەورە یاریدەدەری پێشووی شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان و جێگری پێشووی دەزگای هەواڵگری گشتی سعودیە عەسیری بەشداربوون لە پلانگێڕان بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی.
کاتێک سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنەکە پرسیار لە جوبەیر کرا، لە وەڵامدا وتی " ئێمە هاوڵاتیانی خۆمان ڕادەست ناکەین."
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا سزای سەپاند بەسەر 17 هاوڵاتی سعودیدا بەهۆی کوژرانی خاشقچیەوە کە لەنێویاندا قەحتانی تێدایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز