Accessibility links

لە هاوینەهەوارێکی ئیتاڵیا بە چەقۆ هێرشکرایە سەر 5 کەس و پیاوێکی سۆماڵی دەستگیرکرا


ماتییۆ سالڤینی

دەزگای هەواڵی ئانسا ئاماژەی بەوەدا پۆلیسی ئیتاڵیا پەنابەرێکی سۆماڵیان دەستگیرکردووە دوای ئەوەی کە گوایە بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر چوار ئافرەت و منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ لە شارۆچکەیەکی گەشتیاری لە ڕیمینی.

ئانسا ئەوەشی خستەڕوو لێکۆڵەرەوەکان لە ئێستادا بەدووری دەزانن ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی بووبێت.

وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا لوچیانا لامۆرگێسی وتی هێرشەکە " زۆر مەترسیدارە " و ڕۆژی دووشەممە سەردانی ڕیمینی دەکات تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکەی بەرپرسانی ئاسایشی ناوچەکەدا بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵی ئیتاڵیا هێرشبەرەکە لە پاسێکدا دوو ئافرەتی بە چەقۆ بریندار کردووە، دوای ئەوەی هەڵهاتووە دوو ئافرەتی دیکە و منداڵێکی بریندارکردووە.

دوای ڕووداوەکە، ڕابەری حیزبی پارێزگارانی ئیتاڵیا ماتییۆ سالڤینی کە بەشێکن لە حکومەتی وڵاتەکە، لە ڤیدیۆیەکی فەیسبووکدا ڕەخنەی لە لامۆرگێسی گرت لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا.

سالڤینی چەند مانگێکە فشار دەخاتە سەر وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا تاوەکو کۆمەڵێک سیاسەتی توندتر بەرامبەر کۆچ پەیڕەو بکات.

ئانسا وتی پیاوە سۆماڵیەکە کە تەمەنی 26 ساڵە، چەند مانگێکی کەمە لە ئیتاڵیایە و داوای مافی پەنابەرێتی کردووە. لە ساڵی 2015 ەوە لە ئەوروپایە و پێشتر داوای مافی پەنابەرێتی لە دانیمارک و سوید و ئەڵمانیا و هۆڵەنداش کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG