سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لە هاوژینە ڕۆژنامەنووسەکەی ئەندریا جیامبرۆنۆ جیا بووەتەوە کە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لێدوانەکانی سەبارەت بە ژنان ڕەخنەی لێگیراوە و بووە بە جێگای مشتومڕێکی زۆر.
مانگی ڕابردوو میڵۆنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ناکرێت بەهۆی لێدوانەکانی ئەندریا جیامبرۆنۆ بڕیار لەسەر ئەویش بدرێت و هەڵسانگاندن بۆ کارەکانی بکرێت.
جیابوونەوەکە دوای ئەوە دێت سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ئاهەنگی ساڵیادی یەکەمی دەستبەکاربوونی دەگێڕێت وەکو سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا.
میڵۆنی وتی "پەیوەندی من لەگەڵ ئاندریادا کە نزیکەی 10 ساڵە پێکەوەین، لێرەدا کۆتایی دێت. ڕێگاکانمان بۆ ماوەیەک دابڕاون لە یەکتر، کاتی ئەوەش هاتووە دان بەوەدا بنێین."
وتیشی ناهێڵێت قورساییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی کاری تێبکات و وتی "هەموو ئەوانەی کە بە هیوای ئەوەوە بوون لاوازم بکەن بەوەی کە لە ماڵەکەی خۆمدا لێم بدەن، سەرکەوتوو نابن."
ئاندریا و میڵۆنی لە ساڵی 2014 دا لە ستودیۆی تەلەفیزیۆنێک یەکترییان بینی و کچێکی تەمەن حەوت ساڵییان هەیە.
لێدوانێکی ئەندریا جیامبرۆنۆ پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی و هاوژینی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جۆرجیا مێلۆنی لەم دواییانەدا سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان توڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.
جیامبرۆنۆ لە یەکێک لە بەرنامەکانیدا ڕوو لە ژنان گوتبووی "کاتێک زۆر ناخۆیتەوە هیچ شتێک ڕوونادات."
بەگوێرەی میدیاکانی ئیتاڵیا، لێدوانەکانی جیامبرۆنۆ دەستبەجێ ڕەخنەی توندی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و قسەکانی ناوبراویان بە "شەرمەزارکەر و قبوڵنەکراو" ناوبرد. سیسیلیا دێلیا، سیناتۆری فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و ئەندامی پارتی دیموکراتی وڵاتە جیامبرۆنۆی تۆمەتبار کرد بە گۆڕینی ڕۆڵی تاوانبار و قوربانی.
ناوبراو بەو پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی وت "ناتوانیت هیچی تر بکەیت جگە لە تاوانبارکردنی قوربانییەکان و پێیان دەڵێت بە تەنیا مەچنە دەرەوە، لە تاریکیدا مەچنە دەرەوە و جل و بەرگی ڕووت لەبەر مەکەن".
گوتیشی "کاتێک ژن زۆر دەخواتەوە پێویستە خەمی سەرئێشەی هەبێت نەک دەستدرێژی سێکسی. ئەوە ژنان نین کە پێویستیان بە وریایی زیاترە، بەڵکو پیاوانن کە پێویستە فێربن ڕێز لە ژنان بگرن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز