Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا بەڵێن دەدات چەک بدات بە ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میلۆنی و ماتیۆ سالڤینی و سیلڤیۆ بێرلسکۆنی
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میلۆنی و ماتیۆ سالڤینی و سیلڤیۆ بێرلسکۆنی

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میلۆنی ڕۆژی چوارشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت تەنها ڕێگە بۆ کار ئاسانیکردن بۆ ڕێکەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا یارمەتیدانی کیێڤە تاوەکو بتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە بەرگری لە خۆی بکات.

میلۆنی گوتی " ئاشتی دەکرێت لە ڕێی پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیاوە بە دەست بخرێت، ئەوە تەنها دەرفەتە لەبەردەستماندا تاوەکو دوو لایەنەکە گفتوگۆ بکەن."

میلۆنی چەند جارێک بەڵێنیداوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکات، هاوکات هاوپەیمانەکانی وەکو سیلڤیۆ بێرلسکۆنی و ماتیۆ سالڤینی ڕوون نەبوون لەسەر ئەو بابەتە، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکەیانەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا.

میلۆنی گوتی لە کاتێکدا ئەو چەکانەی کە ئیتاڵیا دەیدات بە ئۆکرانیا کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان نابێت لەسەر دەرەنجامی جەنگەکە، بەڵام گرنگن بۆ پاراستنی متمانەپێکراویی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

بێرلسکۆنی کە هەفتەی ڕابردوو زریانێکی سیاسیی خستەوە کاتێک جەختی لە هاوسۆزی خۆی کردەوە بۆ پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی وروژاندنی جەنگەکە، لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی ئیتاڵیادا هاتە پاڵ میلۆنی.

بێرلسکۆنی گوتی هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە ڕووسیا لەگەڵ ڕۆژئاوا یەکبخاتەوە، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سەلماندوویەتی کە ئەوە مەحاڵە.

گوتی " لەم بارودۆخەدا بە شێوەیەکی سروشتی لە پاڵ ڕۆژئاوادا دەوەستین. دەبێت کار بۆ ئاشتی بکەین و بە هەماهەنگییەکی تەواوەتی دەیکەین لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژئاوا و هەروەها ڕێزگرتن لە خواستی گەلی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG