Accessibility links

جۆرجیا میلۆنی دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئیتاڵیادا داوای یەکگرتوویی دەکات


جۆرجیا میلۆنی
جۆرجیا میلۆنی

ڕابەری هاوپەیمانێتی حزبی ناسیۆنالیستی برایانی ئیتاڵیا جۆرجیا میلۆنی دەڵێت دەنگدەرانی ئیتاڵی بژاردەیەکی ڕوونییان هەڵبژارد بۆ پێدانی مافی پێکهێنانی حکومەتی دواتری وڵاتەکە، هەروەها داوای یەکگرتوویی کرد بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کێشە زۆرەکانی وڵاتەکە.

میلۆنی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " ئەگەر داوامان لێکرابێت فەرمانڕەوایی ئەم وڵاتە بکەین، ئەوا بۆ سەرجەم ئیتاڵییەکانی دەکەین، بە ئامانجی یەکخستنی گەل، بۆ پەرەدان بەوەی یەکییان دەخاتەوە نەک ئەوەی دابەشییان دەکات. ناپاکی لە متمانەتان ناکەین."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە نزیکن لە کۆتاییەوە، هاوپەیمانێتی ڕاستڕەوەکانی بە ڕابەرایەتی جۆرجیا میلۆنی زۆرینەی هەردوو پەرلەمانەکەی ئیتاڵیایان بەدەستهێناوە، ڕەنگە ئەمەش سەقامگیرییەکی دەگمەنی سیاسیی بدات بە ئیتاڵیا دوای چەند ساڵێک لە هەڵچوونی سیاسیی و هاوپەیمانێتییە لاوازەکانەوە.

بەپێی کەناڵی ئاڕ ئەی ئای ئیتاڵیا، هاوپەیمانێتیەکە کە هەریەک لە حزبەکەی ماتیۆ سالڤینی و حزبەکەی سیلڤیۆ بێرلسکۆنی لە خۆدەگرێت، لە نێوان لە سەدا 41 بۆ 45 ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، کە ئەمەش بەسە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو پەرلەمانەکەی ئیتاڵیا.

کەناڵەکە گوتیشی هاوپەیمانێتی ڕاستڕەو 227 بۆ 257 کورسی لە کۆی 400 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت و 111 بۆ 131 کورسی لە کۆی 200 کورسییەکەی ئەنجومەنی سینات بەدەست دەهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG