Accessibility links

ئیتاڵیا ڕازی دەبێت بە وەرگرتنی کۆچبەران


وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا ماتیۆ سالڤینی

ئیتاڵیا ڕۆژی پێنجشەممە پاشگەزبۆوە لە بڕیارەکەی بۆ ڕەت کردنەوەی وەرگرتنی 226 کۆچبەر لەسەر کەشتیەکی ڕزگارکەری ئەڵمانیا و وتی وەریان دەگرێت بەڵام دەست دەگرێت بەسەر کەشتیەکەدا.

وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا کە دژایەتی وەرگرتنی کۆچبەران دەکات ماتیۆ سالڤینی لە سەرەتادا وتی کەشتی لایڤلاین کە ئاڵای هۆڵەندای بەسەرەوەیە دەبێت ئەو کۆچبەرانە بگوازێتەوە بۆ هۆڵەندا نەک ئیتاڵیا کە لە دەریای ناوەڕاستدا ڕزگاریان کردوون.

بەڵام وەزیری گواستنەوە دانیلۆ تونینلی کە سەرپەرشتی پاسەوانی کەناراوەکان دەکات، دواتر وتی پارێزراو نابێت کەشتیەک کە درێژییەکەی 32 مەترە ئەم هەموو ڕێگەیە ببڕێت و ئەو خەڵکە زۆرەشی لەسەر بێت.

وتیشی " بەرپرسیارێتییە مرۆییەکەی خۆمان دەگرینە ئەستۆ بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکە و دەیانگوازینەوە بۆ کەشتیە ڕزگارکەرە ئیتاڵییەکان."

سالڤینی لەم مانگەدا بەڵێنیدا ڕێگە نەدات بەو کەشتیە ڕزگارکەرانە کۆچبەر بهێنن بۆ ئیتاڵیا.

حکومەتی هۆڵەنداش خۆی بێ بەری کرد لەو کەشتیە، سالڤینیش وتی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات.

وتیشی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا هاوەڵی لایڤلاین دەکەن بۆ بەندەری ئیتاڵیا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دەست دەگیرێت بەسەر کەشتیەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG