Accessibility links

ئیسڕائیل دەست دەکات بە دووبارە کردنەوەی کەرتە فراوانەکانی ئابووری وڵاتەکە


ئیسڕائیل دووبارە کەرتە فراوانەکانی ئابووری وڵاتەکەی کردەوە لەکاتێکدا نزیکەی نیوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

سەرەڕای ئەوەی دووکان و بازاڕەکان بۆ هەمووان کراوە بوون، شوێنە گشتیەکانی وەکو یاریگا وەرزشیەکان و شانۆکان تەنها بەڕووی ئەو کەسانەدا کراوە بوون کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، یاخود ئەوانەی دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە و لەشیان بەرگریی دژی ڤایرۆسەکە پەیداکردووە.

هێشتا ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی ماون، ئاهەنگگێڕان لە هۆڵەکان قەدەغەکراوە و و پەرستگا و مزگەوت و کڵێساکان ناچارکراون ژمارەی نوێژخوێنان بۆ نیوە کەمبکەنەوە.

کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکان دوای یەک ساڵ دێت لە تۆمارکردنی یەکەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسڕائیل، هەروەها ئەم کەمکردنەوەیەش بەشێکە لە پلانەکانی حکومەت بۆ دووبارە کردنەوەی ئابووری وڵاتەکە بەشێوەیەکی فراوانتر لە مانگی داهاتوودا.

وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل وتی بەشی یەکەمی ڤاکسینی فایزەری دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دراوە بە زیاتر لە سەدا 45 ی دانیشتوانی وڵاتەکە کە کۆی دانیشتوانەکەی 9 ملیۆن کەسن. هەروەها داتاکانی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە دەریدەخات سیستمی پێدانی دوو بەشی ڤاکسین لە سەدا 95.8 ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە کەمکردۆتەوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئیسڕائیل، وڵاتەکە زیاتر لە 740 هەزار حاڵەتی توشبوون و 5500 حاڵەتی گیان لەدەستدانی تۆمارکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG