ئۆفیسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە یائیر لاپید لەم هەفتەیەدا سەردانی تورکیا دەکات، ئەمەش چەند مانگێک دوای گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، بەڵام ئیسڕائیل نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی ڕەنگە هاوڵاتیانی لە تورکیا لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە بکرێنە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل وتی لاپید لەمیانەی سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئۆغلۆدا کۆدەبێتەوە. ئۆغلۆ مانگی ڕابردوو سەردانی ئیسڕائیلی کرد و داوای فراوانکردنی هاریکارییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی کرد.
ئیسڕائیل داوای لە هاوڵاتیانی کردووە گەشت بۆ تورکیا نەکەن، ئاماژەی بەوەداوە ئێران ڕەنگە پلانی کوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتیانی ئیسڕائیلی هەبێت، تاران بەڵێنیداوە تۆڵەی کوژرانی ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بکاتەوە کە لە ئێران کوژرا و تارانیش بەرپرسیارێتی کوشتنەکەی خستە ئەستۆی بریکارەکانی ئیسڕائیل.
ئێران لێدوانی لەسەر هۆشدارییەکەی ئیسڕائیل نەداوە سەبارەت بە گەشتکردن بۆ تورکیا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە 13 ی مانگی شەشدا لە بەیاننامەیەکدا کە تیایدا ئاماژەی بە هیچ وڵاتێکی دیاریکراو نەدابوو ئاماژەی بە هۆشدارییەکەی ئیسڕائیلدا و وتی وڵاتەکەی پارێزراوە و " هاریکاری دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل بەنیازە سەردانی تورکیا بکات
