Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەردانی ئیماڕات دەکات


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە یائیر لاپید سەردانی ئیماڕات دەکات، ئەمەش یەکەمین سەردانی فەڕمی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسڕائیل دەبێت بۆ ئیماڕات لە دوای ئەوەی پەیوەندییەکانیان ئاساییکردەوە.

ساڵی ڕابردوو هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین و سودان و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە.

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " وەزیری دەرەوە یائیر لاپید یەکەمین سەردانی فەڕمی مێژوویی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسڕائیل بۆ ئیماڕات ئەنجام دەدات."

وتیشی لە سەردانە دوو ڕۆژییەکەیدا لە 29 و 30 ی مانگی شەشدا لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیماڕات شێخ عەبدوڵا بن زایدەوە پێشوازی لێدەکرێت.

جێی ئاماژەیە یائیر لاپید ئەندازیاری پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیلە کە لە 13 ی مانگی شەشدا لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە پەسەندکرا و کۆتایی بە دەسەڵاتە دورودرێژەکەی سەرۆک وەزیری پێشوو بنیامین نەتانیاهو هێنا.

وەزیرانی ئیسڕائیل پێشتر سەردانی ئیماڕاتیان کردووە، بەڵام لاپید باڵاترین بەرپرسی ئیسڕائیلە سەردانی ئەو وڵاتە بکات، هەروەها یەکەمین گەشتی فەڕمییەتی بۆ دەرەوەی ئیسڕائیل.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات گرنگن، بەرهەمێکە کە نەک تەنها سوودی بۆ دانیشتوانی دوو وڵاتەکە دەبێت بەڵکو سوودی بۆ سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت."

لاپید لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیماڕات، باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە ئەبوزەبی و کونسوڵخانەی گشتی ئیسڕائیل لە دوبەی دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG