Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل سەردانی مەغریب دەکات


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید بەرەو مەغریب بەڕێکەوت، ئەمەش لە یەکەمین سەردانی لەو جۆرەدا دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو دوو وڵاتەکە پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاساییکردەوە.

لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا ئیسڕائیل و مەغریب ڕێکەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی نێوانیان و گەڕاندنەوەی گەشتە ئاسمانیە ڕاستەوخۆکانی نێوان دوو وڵاتەکە، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا کە ئەمەریکا نێوەندگری تێدا کرد و تیایدا واشنتن دانینا بە سەروەری مەغریب بەسەر بیابانی ڕۆژئاوادا.

ئۆفیسی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید کە ڕابەرایەتی شاندێکی وەزیرانی ئیسڕائیل دەکات، وتی لاپید دامەزراوەی دیبلۆماسی ئیسڕائیل لە ڕیبات دەکاتەوە و سەردانی پەرستگای بەیت ئیلی مێژووی دەکات لە دار ئەل بەیزاء و لەگەڵ هاوتا مەغریبیەکەی ناسر بۆڕیتەدا کۆدەبێتەوە.

ساڵی ڕابردوو هەریەک لە ئیماڕات و مەغریب و بەحرەین و سودان بە نێوەندگری ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە و ڕێکەوتنەکانیش فەڵەستینیەکانی توڕەکرد.

پێنج هەفتە لەمەوبەر لاپید سەردانی ئیماڕاتی کرد و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی بەرز نرخاند.

جێی ئاماژەیە نزیکەی سێ هەزار جولەک لە مەغریب دەژین و سەدان هەزاران ئیسڕائیلیش دەڵێن بە ڕەچەڵەک مەغریبین. بەرلەوەی لە ساڵی 1948 دا دەوڵەتی ئیسڕائیل دابمەزرێت، ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان لە مەغریب دەژیان، دوای ئەوەی جولەکەکان لە وڵاتە عەرەبیەکان دەرکران یاخود کۆچیان کرد، لەنێوان ساڵەکانی 1948 بۆ 1964 دا نزیکەی 300 هەزار جولەکە لە مەغریبەوە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG