Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت 16 هەزار کۆچبەری ئەفریقی ڕەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

ئیسڕائیل ڕایگەیاند پلانێکی هەڵوەشاندۆتەوە بۆ ناردنەوەی کۆچبەرە ئەفریقییەکان بۆ ئەفریقا و لەجیاتی ئەوە لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێکەوتووە لەسەر ناردنی زیاتر لە 16 هەزار کۆچبەر بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ئاماژەی بەوەدا کەنەدا و ئەڵمانیا لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە کۆچبەرە ئەفریقییەکان وەردەگرن.

بەرپرسان ڕێگە بە کۆچبەرەکانی دیکە دەدەن کە زۆربەیان داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە، بمێننەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو لە ئیسڕائیلدا دوای ئەوەی لە میسڕەوە دزەیان کردووە بۆ ناو ئیسڕائیل.

ناتانیاهو وتی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێکەوتوون لەسەر ڕێکخستن و دانانی پلانێکی نوێ کە ماوەی پێنج ساڵی پێدەچێت بۆ جێبەجێکردنی.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناتانیاهو وتی " پابەندبوونە هاوبەشەکە ئەوەیە کە ئەوان 16250 کەس ڕەوانەی دەرەوە بکەن و ئێمەش 16250 کەس بۆ ماوەیەکی کاتی لێرە دەهێڵینەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بتوانن بڕۆن."

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ڕێکەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG