Accessibility links

کاردانەوەی بەڕیتانیا و ئیسڕائیل لەسەر سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

هەریەک لە وڵاتانی ئیسڕائیل و بەڕیتانیا کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و هەردوو وڵاتە هاوپەیمانەکەی ئەمەریکا کاردانەوەی جیاوازیان هەبوو سەبارەت بە بابەتەکە.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بڕیارێکی ئازایانە بووە.

ناتانیاهو لە لێدوانێکیدا لەبەردەم ئەندامانی کنیستدا وتی " ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، دووبارە دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بکەم لەسەر ئەو بڕیارە گرنگ و ئازایانە. پێم وایە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە خستنەوەی سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا."

لەلایەکی دیکەوە بەڕیتانیا کە یەکێکە لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا و ڕەخنەی لە کشانەوەی ئەمەریکا گرت لە ڕێکەوتنەکەدا،کاردانەوەکەی بە پێچەوانەی ئیسڕائیلەوە بوو بە جۆرێک وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی " بەداخەوەین ئەمەریکا دووبارە سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. هێشتا باوەڕمان وایە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران وا لە جیهان دەکات پارێزراوتر بێت و هێشتا سورین لەسەر هەڵوێستی خۆمان هەتا ئەو کاتەی ئێران پابەند دەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکەوتنەکەدا، هەتا ئەو کاتەی ئێران پابەند دەبێت بەو کۆتوبەندانەی کە سەپێندراوە بەسەر چالاکییە ناوەکییەکانیدا ئێمەش پابەند دەبین."

وتیشی " لەبەر ئەوە ئێمە بەتەواوەتی پشتیوانی لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان دەکەین لەگەڵ ئێراندا و هانی کۆمپانیا بەڕیتانیەکان دەدەین هەر هەلێکی بازرگانی دەربکەوێت بیقۆزنەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG