Accessibility links

ئیسڕائیل: تورکیا ڤیزای داوە بە ئەندامانی حەماس


ئیسماعیل هەنیە

دیبلۆماتکارێکی باڵای ئیسڕائیل دەڵیت تورکیا ڤیزای داوە بە نزیکەی 12 ئەندامی حەماس و ڕەخنەی لەو هەنگاوەی تورکیا و گرت و وتی حکومەتی ئیسڕائیل لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات.

چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و بەرپرسانی باڵای حەماس، هەڵسوڕێنەری کاروباری ئیسڕائیل لە تورکیا ڕۆی جەلعاد وتی وڵاتەکەی بە تورکیای ڕاگەیاندووە کە حەماس چالاکی تیرۆریستی لە ئیستەنبوڵ ئەنجام دەدات بەڵام تورکیا هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبووە.

سەرەڕای پەیوەندییە بازرگانییە پتەوەکەی نێوانیان، لەم ساڵانەی دواییدا گرژی کەوتۆتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیلەوە و لە ساڵی 2018 دا هەردوولا نوێنەرەکانی یەکتریان لە وڵاتەکانیان دەرکرد.

جەلعاد وتی ئیسڕائیل بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی تورکیا ڤیزا و ناسنامە دەداتە ئەندامانی حەماس. کەرتی غەزە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە گروپێکی تیرۆریستی ناساندوویانە.

جەلعاد وتی " هەندێکیان خەریکە ڤیزا و ناسنامەیان پێدەدرێت و هەندێکی دیکەیان وەریانگرتووە."

وتیشی " بەڵگەمان هەیە و کۆپییەک لە بەڵگەکان دەدەینە حکومەت."

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە ئیستەنبوڵ پێشوازی لە سەرکردەی مەکتەبی سیاسیی ئیسماعیل هەنیە و شاندی هاوەڵی کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG