Accessibility links

ئیسڕائیل بۆردومانەکانی لە لوبنان فراوانتر دەکات و دوو فەرماندەی دیکەی حەماس دەکوژێت


ئیسڕائیل ڕۆژی شەممە بۆردومانەکانی لە لوبنان فراوانتر کرد، کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر باشووری بەیروت و لە کامپێکی پەنابەرانی فەلەستینیشیدا لە ناو قووڵایی باکووری لوبناندا، ئەمەش یەکەمین جار بوو ئیسڕائیل لە یەک هێرشدا چەکدارانی حزبوڵا و حەماسیش بکاتە ئامانج.

هەزاران کەس لە لوبنان بە پەنابەرە فەلەستینییەکانیشەوە لە دەست فراوانبوونی ململانێکە لە ناوچەکەدا هەڵدێن، هاوکات لە سەرانسەری جیهاندا گردبوونەوە بەڕێوەچوو بەهۆی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززە.

حەماس وتی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کامپی بەدەوی لە نزیک شاری تەڕابلسی باکووری لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵی سەربازیی حەماس و خێزانەکەی و دوو کچە گەنجەکەی. دواتر حەماس وتی ئەندامێکی دیکەی باڵی سەربازیی حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر دۆڵی بەکای ڕۆژهەڵاتی لوبنان کوژراوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی دوو بەرپرسی باڵای باڵی سەربازیی حەماسی لە لوبنان کوشتووە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە ئیسڕائیل چەندین گەورە بەرپرسی حەماسی کوشتووە، هەروەها چەندین گەورە بەرپرسی حزبوڵای لوبنانیشی کوشتووە.

لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو دوو کەسەی بە ناوەکانی محەمەد حسێن عەلی مەحمود و سەعید عەلا نەعیف عەلی ڕاگەیاند.

لانیکەم 1400 لوبنانی دیکە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا بەهۆی شەڕەکەوە کوژراون، 1.2 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG