Accessibility links

ڕوانگەی سوری: لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر سوریا چوار کەس کوژراون


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانی سوریا کە چەکدارانی سەر بە حیزبوڵای لێن چوار کەس کوژراون، دووانیان هاوڵاتی مەدەنی بوون.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی موشەکەکانی ئیسڕائیل لە ناوچەیەکیان داوە لەنزیک سێ گوند لە ڕۆژئاوای پارێزگای حومس.

ئاماژەشی بەوەدا هێرشە ئاسمانییەکە بووەتە هۆی کوژرانی چوار کەس، دوو هاوڵاتی مەدەنیشیان تێدا بووە، بەڵام هێشتا نەزاندراوە ئەو دووانەی دیکە مەدەنی بوون یاخود سەرباز.

دەزگای هەواڵی سوری سانا لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و حەوت کەسی دیکە برینداربوون.

بەرپرسەکە وتی " دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل بوونە هۆی کوژرانی دوو هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی شەش سەرباز و مەدەنیەک."

وتیشی هێرشە ئاسمانییەکان چەند ناوچەیەکی ناوەڕاستی وڵاتەکەی کردۆتە ئامانج، بەڵام وردەکاریی نەدا لەسەر شوێنەکان.

دەزگاکە لە زاری هەمان سەرچاوەوە وتی " بەرگری ئاسمانی سوریا بەرپەرچی دوژمنکارییەکەی داوەتەوە و زۆرینەی موشەکەکانی خستۆتەخوارەوە."

سوپای ئیسڕائیل کە بە دەگمەن دان بە هێرشەکاندا دەنێت بۆ سەر سوریا، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر " هەواڵی دەزگا ڕاگەیاندنە بیانیەکان بدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG