Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت لە مانگی پێنجدا ڕووسیاییەکان تەقەیان لە فڕۆکە سەربازییەکانی کردووە بەسەر سوریاوە


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

ئیسڕائیل دەڵێت لە مانگی پێنجدا سیستمی موشەکی دژە فڕۆکەی ڕووسیا تەقەیان لە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل کردووە بەسەر سوریادا، بەڵام ئامانجەکانیان نەپێکاوە. دەشڵێت " تەنها یەکجار ئەوە ڕوویداوە."

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز ئەم بابەتەی ئاشکرا کرد، هەروەها باسکردنی ئەم بابەتە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ڕووسیا بەهۆی سەرکۆنەکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لەلایەن ئیسڕائیلەوە زیادیکردووە، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بەهۆی بڕیارێکی ڕووسیاوە بۆ داخستنی دەزگایەکی کۆچی جووەکان لە ڕووسیا ئاڵۆزی تێکەوتووە.

لەکاتێکدا ڕووسیا پشتیوانییەکی تەواوی سیاسیی و سەربازیی لە حکومەتی سوریا کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی زۆرینەی خاکی وڵاتەکە، هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا چاوپۆشییان لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل کردووە بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە سوریا و کاروانی گواستنەوەی چەکەکان لەو وڵاتەدا.

بەڵام کەناڵی تەلەفیزیۆنی 13 ی ئیسڕائیل بڵاویکردەوە لە 13 ی مانگی پێنجدا سیستمێکی بەرگری ئاسمانی ئێس – 300 ی ڕووسی تەقەی لە فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسڕائیل کردووە کە لە ئاسمانی سوریادا بوون، بەڵام هیچ کام لە فڕۆکەکانی نەپێکاوە.

گانتز لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە کەناڵی 13 میوانداری کردبوو، کاتێک داوای لێکرا ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە، وتی " ئەو ڕووداوە تەنها یەک جار ڕوویداوە." تەقەکردنەکەی ڕووسیا لەکاتێکدا بوو کە فڕۆکەکە " چیتر لەوێ نەمابوو."

گانتز وتی " پێم وایە هەماهەنگییەکانی ئیسڕائیل لەگەڵ ڕووسیادا سەبارەت بە سوریا ئێستا جێگیرە. بەڵام ئێمە هەمیشە پێداچوونەوە بەم چیرۆکەدا دەکەین بەشێوەیەک کە وەکو ئەوە وابێت ئێستا دەستمان پێکردبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG