Accessibility links

سەرۆک ئەرکانی ئیسڕائیل ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی لەگەڵ سعودیەدا


سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئیسڕائیل بە ڕۆژنامەیەکی عەرەبی ڕاگەیاند ئیسڕائیل ئامادەیە زانیاری هەواڵگری لەگەڵ سعودیەدا بگۆڕێتەوە و وتی دوو وڵاتەکە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لە بەرپەرچدانەوەی ئێراندا.

جەنەڕاڵ گادی ئیزنکۆت بە ڕۆژنامەی ئیلافی سعودییەکانی وت ئیسڕائیل هیچ پلانێکی نیە بۆ هێرش کردنە سەر کۆمەڵەی حیزبوڵای شیعەی لوبنانی.

سعودیە فشارەکانی بۆ سەر دوژمنە سەرسەختەکەی کە ئێرانە زیاد کرد دوای ئەوەی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی لە وڵاتانی عەرەبیدا زیاد بکات و زۆرجاریش ئەوە دەکات لەڕێی نوێنەرەکانیەوە وەکو حیزبوڵا.

گرژییەکان نێوان تاران و ڕیاز بۆتە هۆی ئەوەی بوترێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل وا لەو دوو وڵاتە بکات پێکەوە کاربکەن لەدژی هەڕەشەکانی ئێران.

سعودیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسڕائیلدا بەندە بە کشانەوەی ئیسڕائیلەوە لە خاکە عەرەبییەکاندا کە لە ساڵی 1967 ەوە داگیری کردوون.

ئیزنکۆت کاتێک سەبارەت بەوەی ئایا ئیسڕائیل هیچ زانیارییەکی لەگەڵ سعودیەدا گۆڕیوەتەوە پرسیاری لێکرا، ئەویش لەوەڵامدا وتی " ئێمە ئامادەین ئەگەر پێویست بکات زانیاری بگۆڕینەوە، بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر هەیە لەنێوانماندا."

هەریەک لە سعودیە و ئیسڕائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی سەرەکی دادەنێن بۆ سەر ناوچەکە.

ئیزنکۆت وتی " دەبێت پلانێکی ستراتیژی گەورە و گشتگیر دابڕێژرێت بۆ وەستاندنی مەترسی ئێرانی و ئێمە ئامادەین ئەزموون بگۆڕینەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا و هەروەها ئامادەین زانیاری هەواڵگری بگۆڕینەوەبۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG