Accessibility links

ناتانیاهو: لەگەڵ ڕوسیادا هاریکاری دەکەین لەپێناو ئەوەی هێزە بیانییەکان لە سوریا بە پارێزراوی بکشێنەوە


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی ئیسڕائیل و ڕوسیا هاریکاری یەکتری دەکەن لەپێناو ئەوەی هێزە بیانییەکانی ناو سوریا بە پارێزراوی بکشێنەوە، ئەمەش دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ کە تیایدا داوای کرد ئێران لە خاکی سوریا بەجێبهێڵێت.

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل نیگەرانە سەبارەت بەو پشتیوانییانەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەستی کەوتووە لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی سوریادا، بەتایبەتی نیگەرانە سەبارەت بە بوونی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لە ناو سوریادا کە پێی وایە بەرەیەکیان دژی ئیسڕائیل دروست کردووە لە ناو سوریادا.

ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان و حیزبوڵا لە سوریادا. ئەم هێرشە ئاسمانییانەش لەلایەن هاوپەیمانەکەی دیکەی سوریاوە کە ڕوسیایە بەردەوام پشت گوێ خراون و هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبووە بۆ ئەو هێرشانەی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا.

ناتانیاهو وتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن، پێی ڕاگەیاندووە کە بێگومان لەم جۆرە هێرشانە بەردەوام دەبن بەڵام دەبێت پەیوەندیی و هەماهەنگییەک هەبێت لەگەڵ ڕوسیادا تاوەکو هەردوولا خۆیان بەدووربگرن لە پێکدادان لە سوریادا.

وتیشی " من و سەرۆک پوتن ڕێکەوتین لەسەر ئامانجێکی هاوبەش کە ئەوەش دەرکردنی هێزە بیانییەکانە کە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریا هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە."

وتیشی " ڕێکەوتین لەسەر پێکهێنانی هێزێکی ئەرک هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا تاوەکو پێشڕەوی بکەین بەرەو ئەو ئامانجە."

ناتانیاهو ئاماژەی بە وردەکارییەکان نەدا. هەتا ئێستاش ڕوسیا هیچ وەڵامدانەوەیەکی بڵاونەکردۆتەوە. ڕوسیا لە ڕابردوودا داوای کردووە هێزە بیانییەکان لە سوریادا بکشێنەوە بەڵام دەیەوێت خۆی بۆ ماوەیەکی درێژ لە سوریادا بمێنێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی کوەیتدا وتی ڕەوشی سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو سەقامگیر بووە، ئەمەش دوای ئەو ئەرکانەی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ئەنجامیانداوە.

لاڤرۆڤ وتیشی هێشتا زووە بڵێین بەتەواوەتی کۆتاییمان هێناوە بە مەترسی تیرۆر لە سوریادا، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بە ڕابەرایەتی ئیسلامییەکان. لەلای خۆشییەوە ئەمەریکا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە سوریادا لەکاتێکدا کە شکست پێهێنانی ڕێکخراوی داعش نزیکبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG