سوپای ئیسڕائیل وەڵامی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیای دایەوە کە تیایدا وردەکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکە ئاشکرا دەکات لەلایەن بەرگری ئاسمانی سوریاوە.
سوپای ئیسڕائیل بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا وتی شاندی سوپای ئیسڕائیل بە سەرۆکایەتی سەرکردەی هێزی ئاسمانی لەبەردەم بەرپرسانی باڵای ڕوسیادا لێکۆڵینەوەیەکی سەربازیی تەواویان پێشنیار کردووە سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە، جەختیشی لەوە کردەوە لێکۆڵینەوەکە کراوە و بەشێوەیەکی جیا پیشاندراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل لە پشت هیچ فڕۆکەیەکەوە نەبووە و فڕۆکەکان لە ناو ئاسمانی ئیسڕائیلدا بوون کاتێک بەرگری ئاسمانی سوریا فڕۆکە ڕوسییەکەی خستۆتە خوارەوە، هەروەها سەرەخۆشی لە گەلی ڕوسیا و خانەوادەی ئەو سەربازە ڕوسیانە کرد کە لە فڕۆکەکەدا کوژراون.
بەیاننامەکە جەختی لەوە کردەوە " بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکانی نێوان سوپای ئیسڕائیل و ڕوسیا وەکو بەرژەوەندییەکی هاوبەش سەیر دەکرێن بەهۆی ململانێ جیاوازەکانی ناو ناوچەکەوە."هەروەها دەشڵێت " چەک پێدان بە لایەنێکی نابەرپرس مەترسیی دروست دەکات لەسەر ناوچەکە."
بەیاننامەکە جەختیشی لەوە کردەوە سوپای ئیسرائیل هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرێتەبەر لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی هێزەکانی ڕوسیا لە سوریادا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " سوپای ئیسڕائیل بەردەوام دەبێت لەکارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران لە مانەوەی لە سوریا و پڕچەککردنی حیزبوڵا."
سەرچاوە/ سکای نیوز