Accessibility links

ئیسڕائیل دوو بارمتە لە ڕەفەح ڕزگار دەکات


ئیسڕائیل دوو بارمتەی لە ڕەفەحی باشووری غەززە ڕزگار کرد، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان بۆ پشتیوانیکردن لەو ئۆپەراسیۆنە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 67 فەلەستینی، نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لەو شارەدان و لە دەست هێرشەکانی ئیسڕائیل لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە هەڵاتوون بۆ شارەکە.

سوپای ئیسڕائیل و دەزگای ئاسایشی شین بێت و یەکەیەکی پۆلیسی تایبەت وتییان دوو پیاوییان ڕزگار کردووە، فێرناندۆ سیمۆن مارمانی تەمەن 60 ساڵ و لویس هاری تەمەن 70 ساڵ، کە ڕەگەزنامەی ئەرجەنتینی و ئیسڕائیلیشییان هەبووە. دوو پیاوەکە لە نێو ئەو 240 کەسەدا بوون کە چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا لە هێرشەکانییاندا بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو بارمتە گرتنی و لە غەززە دەستبەسەری کردبوون.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28,000 فەلەستینی کوژراون و نزیکەی 68,000 کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ستایشی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی دوو بارمتەکەی کرد و ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکانی ڕەت کردەوە سەبارەت بە پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی هێڕشێکی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح و لە ناوبردنی فەوجەکانی حەماس لەو شارەدا. لە ماوەی ڕابردوودا وتی ئاوارەکانی شاری ڕەفەح " ڕێڕەوێکی پارێزراوییان " بۆ دابین دەکرێت تاوەکو لە شارەکە دەربچن، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئاوارەکان بۆ کوێ دەگوازرێنەوە.

نەتانیاهو وتی " فێرناندۆ و لویس بەخێربێنەوە بۆ نیشتیمانتان." هەروەها سوپاسی هێزەکانی ئیسڕائیلی کرد لەسەر ئازادکردنییان. وتی " تەنها بەردەوامیدان بە فشارە سەربازییەکان هەتاوەکو سەرکەوتن دەبێتە هۆی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان."

وتەبێژێکی سەربازیی ئیسڕائیل وتی بارمتەکان لە نهۆمی دووەمی بینایەک گیرابوون کە هێزەکانی ئیسڕائیل لە ڕێی تەقینەوەوە توانییان دزە بکەنە ناوییەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی چەکدارانی حەماس بوونەتەوە کە دەوروبەری بیناکەیان گرتبوو.

کۆلۆنێڵ ڕیچار هێخت وتی " ماوەیەکی زۆرە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە کاردەکەین. چاوەڕێی باشترین هەلومەرجمان دەکرد."

باوەڕوایە حەماس نزیکەی 100 بارمتەی لامابێت، دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا لە ماوەی ئاگربەستێکی کاتیدا 100 بارمتەی ئازاد کرد. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت 31 بارمتە مردوون یاخود لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت ژمارەی کوژراوانی فەلەستینییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە ڕەنگە زیاتر ببێت ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوام بن، پەیامنێرێکی ڕۆیتەرز لە شوێنەکە ژمارەیەکی زۆر لە بینای ڕووخاوی بینیوە، بە مزگەوتێکیشەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG