وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئافیگدۆر لیبەرمان داواکانی ڕەت کردەوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوشتنی 15 هاوڵاتی فەڵەستینی لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە لەمیانەی خۆپیشاندانێکدا کە دواتر بۆتە هۆی پێکدادان لەنێوان هاوڵاتیانی فەڵەستینی و سوپای ئیسڕائیلدا لەنزیک سنووری نێوان کەرتی غەززە و ئیسڕائیل.
حەماس دەڵێت پێنج لە کوژراوەکان سەر بە چەکدارەکانی ئەوانن، ئیسڕائیلیش دەڵێت هەشت لە کوژراوەکان سەر بە حەماسن. ئیسڕائیل و ڕۆژئاوا حەماسیان بە گروپێکی تیرۆریستی ناودێر کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ئارامی بەسەر ناوچە سنوورییەکەدا زاڵبووە کە هێشتا سەدان فەڵەستینی لێماوە، کە ئەوەش ژمارەیەکی کەمە لەچاو ئەو دەیان هەزار هاوڵاتییەی کە ڕۆژی هەینی بەدرێژایی سنوورەکە کۆببوونەوە.
ڕێکخەران پێیان وایە کە ژمارەیەکی زۆر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە و بەشدار بن لە خۆپیشاندانەکاندا کە وەکو فەڵەستینییەکان خۆیان دەڵێن بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت بۆ داواکردنی مافی گەڕانەوەی پەنابەرەکان بۆ ئەو وڵاتەی کە ئێستا پێی دەوترێت وڵاتی ئیسڕائیل.
جێی ئاماژەیە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی داوایان کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون ئەنجام بدرێت سەبارەت بە خوێن ڕشتنەکەی ڕۆژی هەینی.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل لیبەرمان ئەو ڕەخنانەی ڕەت کردەوە کە ئاڕاستەی ڕەفتارەکانی ئیسڕائیل کراون و وتی " سەربازەکانی ئیسڕائیل ئەوەی پێویست بووە کردوویانە، پێم وایە هەموو ئەو سەربازانە شایەنی وەرگرتنی مەدالیان."
هەروەها وتیشی " هەروەها سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، هیچ لیژنەیەک بوونی نابێت."
لەلای خۆشیەوە فەڕەنسا داوای لە ئیسڕائیل کرد دان بەخۆیدا بگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتی " فەڕەنسا ئەرکەکانی ئیسڕائیل بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دان بەخۆدا گرتن وەبیری بەرپرسانی ئیسڕائیل دەهێنێتەوە."
وتیشی " فەڕەنسا جەخت لەسەر مافی فەڵەستینییەکان دەکاتەوە بۆ خۆپیشاندان بەشێوەیەکی ئاشتیانە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز