Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل سەردانێکی مێژوویی بۆ بەحرەین ئەنجام دەدات


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت سەردانێکی مێژوویی بۆ بەحرەین ئەنجامدا و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، لەمیانەی سەردانەکەشیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی بەحرەین و سەرۆک وەزیری بەحرەین سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفەدا کۆدەبێتەوە.

گەشتەکەی بێنێت بۆ بەحرەین قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەردەخات کە لە ساڵی 2020 دا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی نێوانیانیان ئاساییکردەوە.

ئیسڕائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە ئیماڕات و سودان و بەحرەین و مەغریب و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەدا ئاساییکردۆتەوە کە پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێکی زۆر ڕەخنەیان لە ئیسڕائیل گرتووە.

ئۆفیسی بێنێت لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوو ڕابەرەکە تاوتوێی ڕێگەکانی دیکە دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، بەتایبەتی لەڕووی بەرەوپێشچوونی دیبلۆماتی و بابەتەکانی ئابوورییەوە، جەختیش لە تەکنەلۆجیا و بوژاندنەوە دەکرێت."

سەردانەکەی بێنێت کە لە مێژوودا یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیرێکی ئیسڕائیلە بۆ بەحرەین، لەکاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بوون. لەمدواییانەدا حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران هێرشی موشەکییان کردە سەر ئیماڕات. ئەمەریکاش بە هەمان شێوە ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرش دەکاتە سەر کەشتیە بازرگانییەکانی ناو و دەرەوەی کەنداو، ئیسڕائیلیش بوونی هێزی دەریایی خۆی لە دەریای سووردا زیاتر کردووە.

سەردانەکەی بێنێت دوای ئەوە دێت وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لەماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەردانی بەحرەینی کرد.
دوو وڵاتەکە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیشیان پتەوتر دەکەن، ساڵی ڕابردوو بڕی 6.5 ملیار دۆلار بازرگانی لەنێوان بەحرەین و ئیسڕائیلدا هەبووە. لە ئێستاشدا گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو وڵاتەکەدا هەیە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG