سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت سەرکەوتنی ئیسڕائیل دژی حەماس لە غەززە " لێدانێکی کوشندە " دەبێت بۆ چەکدارانی فەلەستینی و ئەو گروپە چەکدارییانەی دیکەی ناوچەکە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل، نەتانیاهو لە وتارێکدا بۆ فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکە دەڵێت " سەرکەوتنێکی تەواو لێدانێکی کوشندە دەبێت بۆ بەرەی دڕندە کە ئێران و حیزبوڵا و حوسییەکان و بێگومان حەماسن."
هاوکات ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی دەیان چەکدارییان لە کەرتی غەززە کوشتووە، لە کاتێکدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەڕایەوە بۆ ناوچەکە بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ وەستانێکی دیکە لە جەنگەکەدا.
هێزی بەرگری ئیسڕائیل وتی ڕۆژی ڕابردوو هێرشی زەمینی و ئاسمانییان لە خان یونسی باشوور و باکوور و ناوەڕاستی غەززەدا ئەنجامداوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕەکە لە خان یونس خەڵکە سڤیلەکە ناچار دەکات زیاتر بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ڕەفەح، نیوە زیاتری دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان لە ڕەفەح کردووە کە دەکەوێتە باشووری غەززەوە و سنووری بە میسڕەوەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی لە سەدا 75 ی دانیشتوانی غەززە ماڵەکانییان جێهێشتووە، دەڵێت خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی " کەمبوونەوەیەکی مەترسیداری خۆراک و ئاو و پەناگە و دەرمانی تەندروستی " بوونەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێشنیار کرا، ئەگەر حەماس و ئیسڕائیل لەسەری ڕێبکەون ئەوا یارمەتی زیاتر ڕەوانەی غەززە دەکرێت و بارمتە ئیسڕائیلییەکانیش کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد دەکرێن.
بەرپرسانی ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوە و ئاگربەستێکییان پێشنیار کرد، ڕابەرانی حەماسیش هەفتەیەکە بیری لێدەکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ماوەی گەشتەکەیدا سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و میسڕ و قەتەڕ و ئیسڕائیل دەکات، هاوکات سەردانی کەناری ڕۆژئاواش دەکات. لە ئێستادا گەیشتووەتە سعودیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " وەزیر بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا ماونەتەوە و یارمەتی زیاتریش دەگەیەندرێتە هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس