Accessibility links

ئیسڕائیل ناردنی 5 هەزار بەشە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بۆ فەڵەستینیەکان پەسەند دەکات


ئیسڕائیل سووربوونی خۆی ڕاگەیاند لەسەر ناردنی پێنج هەزار بەشە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ فەڵەستینیەکان، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە دەسەڵاتی فەڵەستین بە " ڕەمزی " ناودێریکرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی لایەنە نێودەوڵەتیەکان لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئیسڕائیل کرد ڤاکسینەکە بدەن بە فەڵەستینیەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پزیشکانی ئیسڕائیل داوایان لە ئیسڕائیل کرد یارمەتی فەڵەستینیەکان بدەن لە دابینکردنی ڤاکسینەکەدا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لە زاری وەزیری بەرگری وڵاتەکە بێنی گانتزەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

وتەبێژەکە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " پێنج هەزار بەشە ڤاکسین بۆ کارمەندانی تەندروستی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەنێرین."

ئیسڕائیل داوای 14 ملیۆن بەشە ڤاکسینی لە هەردوو کۆمپانیای فایزەر و مۆدێرنا کردووە، ئەم بڕەش دەتوانرێت بدرێت بە 7 ملیۆن کەس چونکە ڤاکسینەکە بە دوو جار دەدرێت.

لە 19 ی مانگی دوانزەوە ئیسڕائیل دەستیکردووە بە پێدانی ڤاکسینەکە، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئیسڕائیل کە نزیکەی 9 ملیۆن کەسن لە کۆی دوو بەشەکەی ڤاکسینی فایزەر یەکەم بەشیان پێدراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG