Accessibility links

فەڵەستینیەکان ئیسڕائیل بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە دابینکردنی ڤاکسین تۆمەتبار دەکەن


کاربەدەستانی فەڵەستین دەڵێن بەپێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای ئاسترازینکای دەرماندا واپێشبینی دەکرێت لە مانگی سێدا یەکەمین بەشە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، هەروەها ئیسڕائیلی بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە ئەرکی خۆی بۆ دابینکردنی ڤاکسین لەو شوێنانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدایە تۆمەتبارکرد.

لەکاتێکدا ئیسڕائیل ڤاکسینەکەی بە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی داوە، فەڵەستینیەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێکیان پێنەدراوە.

بەڕێوبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین یاسر بوزییە بە ڕۆیتەرزی وت " ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ ئاسترازینکادا هەیە، پێشبینی دەکەین لە سەرەتای مانگی سێدا ڤاکسینەکە وەربگرین، هەروەها پێشتریش داوامان لە هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی مۆدێرنا و جۆنسن ئاند جۆنسن و ڕوسیا کردووە ڤاکسینەکەمان بۆ دابین بکەن."

هەروەها فەڵەستینیەکان دەتوانن لەڕێی پڕۆگرامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆ دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی هەژار ڤاکسینەکەیان دەستبکەوێت.

وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی فەڵەستینی لە بەیاننامەیەکدا وتیان " ئیسڕائیل وەکو هێزێکی داگیرکەر بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر گەلی فەڵەستینی پشتگوێ خستووە و مافی تەندروستی پێنادات."

وتیشی " سەرکردایەتی فەڵەستین تاوتوێی دابینکردنی ڤاکسینەکەیان کردووە لە سەرچاوەی جیاوازەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئیسڕائیل بەرپرسیارێتیەکانی لەڕووی دابینکردنی ڤاکسینەوە بۆ گەلی فەڵەستین پشتگوێ بخات."

بەپێی ڕێکەوتنی ئاشتی کاتی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل، فەڵەستین حوکمێکی خۆجێی دیاریکراوی هەیە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، لەلایەکی دیکەشەوە بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی کەرتی غەزە بەڕێوەدەبەن.

لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا لەو ناوچانەدا کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیلدان، ئیسڕائیل ڤاکسینی بە نیشتەجێیە ئیسڕائیلییەکان داوە بەڵام هیچ ڤاکسینێکی بۆ دانیشتوانە فەڵەستینیەکان دابین نەکردووە کە خزمەتگوزاری تەندروستی لە کاربەدەستانی فەڵەستینەوە وەردەگرن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG