Accessibility links

ناکۆکی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل لەسەر ئەرکە دیبلۆماتیەکەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم


فەڵەستینیەکان ڕەخنەی توندیان لە ئیسڕائیل گرت لەسەر ئەوەی بەڵێنی دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکایان لە ئۆرشەلیم ڕەت کردۆتەوە، کردنەوەی کونسوڵخانەکە لە ئۆرشەلیم دووبارە چالاککردنەوەی ئەرکە دیبلۆماتیە سەرەکیەکەی واشنتن دەبێت بۆ فەڵەستینیەکان.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت درەنگانێکی ڕۆژی شەممە وتی هیچ دەرفەتێکی دیکە نیە لە ئۆرشەلیم بۆ ئەرکە دیبلۆماتیەکەی ئەمەریکا.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئۆرشەلیم داخست، کونسوڵخانەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک خزمەتی فەڵەستینیەکانی دەکرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەڵێنیدا دووبارە کونسوڵخانەکە لە ئۆرشەلیم بکاتەوە، ئیسڕائیلیش پێی وایە ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا کێشە بۆ سەروەری ئیسڕائیل بەسەر ئۆرشەلیمدا دروست دەکات. دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەکە لە ئۆرشەلیم لەوانەیە ببێتەهۆی دروستبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فەڵەستینیەکان.

وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی فەڵەستین دووبارە کردنەوەی کونسوڵخانەکە لە ئۆرشەلیم وەکو بەشێک لە بەرپرسیارێتیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەیر دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکانی ئیسڕائیل لەو ناوچانەدا کە فەڵەستینیەکان بۆ دەوڵەتی داهاتوویان پێویستیانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بەشێکی دانەبڕاوە لە ناوچە داگیرکراوەکەی فەڵەستین و پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستینە. ئیسڕائیل، وەکو داگیرکەرێک، مافی ئەوەی نیە ڤیتۆ دژی بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا بەکاربهێنێت."

کاتێک سەبارەت بە کونسوڵخانەکە پرسیاری لێکرا، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت دووبارە جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە سەبارەت بە ئۆرشەلیم.

وتی " هیچ دەرفەتێک نیە لە ئۆرشەلیم بۆ کونسوڵخانەیەکی دیکەی ئەمەریکا، ئۆرشەلیم پایتەختی یەک وڵاتە و ئەو وڵاتەش ئیسڕائیلە."

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید پێشنیاری ئەوەی کردووە دەکرێت کونسوڵخانەکە لە لە ناوەندی دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان لە ڕامەڵا و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بکرێتەوە. بەڵام فەڵەستینیەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە بەو کارە داواکانیان بۆ وەرگرتنەوەی ئۆرشەلیم دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئیسڕائیل ئۆرشەلیم بە خاکی خۆی و پایتەختی وڵاتەکە دەزانێت. فەڵەستینیەکانیش هەوڵی دەستکەوتنی ڕۆژئاوای ئۆرشەلیم دەدەن وەکو پایتەختی ئەو دەوڵەتەی کە هەوڵی بۆ دەدەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG