Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دەڵێت ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەلێکە بۆ فەڵەستینیەکان


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گابی ئاشکنازی

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گابی ئاشکنازی وتی ڕێکەوتنەکانی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا لەسەر حسابی فەڵەستینیەکان نیە.

لە مانگی نۆدا ئیماڕات بە سەرپەرشتی ئەمەریکا ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، دواتریش بەحرەین هەمان هەنگاوی گرتەبەر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردەوە.

لە ساڵی 1979 دا میسڕ بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکاتەوە، دواتر لە ساڵی 1994 دا ئەردەنیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاسایی کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گابی ئاشکنازی وتی " ڕێکەوتنەکانی ئیبراهیم لەسەر حسابی فەڵەستینیەکان نەهاتوون، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ڕێکەوتنەکان هەلێکن نابێت لەدەست بدرێن."

وتیشی " داوا لە فەڵەستینیەکان دەکەم بۆچوونیان بگۆڕن و بەبێ مەرجی پێشوەخت بێنە ناو دانوستانە ڕاستەوخۆکانەوە لەگەڵماندا. ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە."

لە ساڵی 2014 ەوە دانوستانەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان ڕاگیراون.

فەڵەستینیەکان پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی ڕەت کردەوە و واشنتنیان بە تۆمەتی کارکردن لە بەرژەوەندی ئیسڕائیل تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG