Accessibility links

ناتانیاهو: ئێران شوێنێکی نهێنی هەیە بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی لە نزیک ئابادی


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی ئێران لە شوێنێکی نهێنی لە نزیک شاری ئابادی پەرەی بە چەکی ناوەکیی داوە بەڵام دوای ئەوەی ئاشکرا بووە شوێنەکە و دامەزراوەکانی لەناوبردووە.

ئەمە یەکەمین جارە ناتانیاهو شوێنەکە دیاری دەکات و وتی لەنێو کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئێرانیدا ئاشکرا بووە کە ساڵی ڕابردوو ئیسڕائیل بەدەستی گەیشت و بۆ جیهانی ئاشکرا کرد.

ناتانیاهو لە لێدوانێکیدا لەسەر کۆمەڵێک وێنەی بینای بچوک لەو شوێنەدا وتی " ئێران لەم شوێنەدا تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکی ئەنجامداوە." ئاماژەشی بەوەدا وێنەکان لە کۆتای مانگی شەشی ساڵی 2019 لە دامەزراوەیەکی ئابادی گیراون.

دواتر ناتانیاهو کۆمەڵێک وێنەی هەمان شوێنی پیشاندا بەڵام دوای چەند مانگێک، هیچ کام لەو بینایانەی تێدا نەمابوو، ناتانیاهو وتی " کاتێک ئێران زانی ئێمە شوێنەکانمان ئاشکرا کردووە، ئەمەی کردووە."

وتی " شوێنەکەیان لە ناوبردووە. بەتەواوەتی سڕیویانەتەوە."

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهو لە کاتێکدایە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا هەندێک شوێنەواری پیتاندنی یۆرانیۆمیان لە شوێنێکی جیاواز لە ئێران دۆزیوەتەوە، ناتانیاهو ساڵی ڕابردوو لە وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەو شوێنە دابوو.

هێشتا ئێران هۆکاری بوونی شوێنەواری یۆرانیۆمی لەو شوێنەدا ڕوون نەکردۆتەوە بەڵام ڕەتی دەکاتەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG