Accessibility links

موشەکێک لە غەززەوە بۆ شارێکی ئیسڕائیل ناتانیاهو ناچار دەکات بچێتە شوێنێکی پارێزراو


کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا موشەکێک لە غەززەوە ئاڕاستەی شارێکی باشووری ئیسڕائیل کراوە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو بۆ ئەو شارە و ناچاری کردووە بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە شوێنێکی پارێزراوەوە.

سوپای ئیسڕائیل هەڵدانی موشەکەکەی پشتڕاستکردەوە کە لە غەززەوە بەرەو شاری عەسقەلان هەڵدراوە، شارەکە 12 کیلۆمەتر لە کەرتی غەززەوە دوورە، وتیشی سیستمی بەرگری موشەکی ئیسڕائیل موشەکەکەی خستۆتە خوارەوە.

هێشتا هیچ لایەنێک لە غەززە بەرپرسیارێتی هەڵدانی ئەو موشەکەیان ڕانەگەیاندووە. جێی ئاماژەیە کەرتی غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە. مانگی ڕابردوو جووڵانەوەی جیهادی ئیسلامی کە گروپێکی بچووکترن لە غەززە کەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا و ماوەی دوو ڕۆژی خایاند.

کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ئیسڕائیل گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە تیایدا پاسەوانەکان چواردەوری ناتانیاهویان داوە و دووریدەخەنەوە. کەناڵەکان ئاماژەیان بەوەدا ناتانیاهو بردراوە بۆ شوێنێکی پارێزراو دوای ئەوەی بەهۆی هەڵدانی موشەکەکەوە زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لێدراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG