Accessibility links

نەتانیاهو دووبارە دەچێتەوە بەردەم دادگا


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دووبارە لە ئۆرشەلیم دەچێتەوە بەردەم دادگا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو تۆمەتانەدا کە ئاڕاستەی کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئیسڕائیل دەستیکردووە بە دانوستانەکان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.

دادگای خۆجیی ئۆرشەلیم لە پێنجی مانگی چواردا کاتێکیان دیاریکرد بۆ گوێگرتن لە شایەتحاڵەکان لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی نەتانیاهو کراوە، لەو تۆمەتانەش وەرگرتنی دیاری گرانبەها و ئاسانکاریکردنە بۆ کۆمەڵێک لە لایەنەکانی ڕاگەیاندن تاوەکو بەشێوەیەکی ئەرێنی لە ڕاگەیاندنەکاندا باسی بکەن.

لەلای خۆیەوە نەتانیاهو سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

دادگاییکردنەکە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئیسڕائیل ڕۆڤین ڕیڤلین دانوستانەکان دەستپێدەکات بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی نەتانیاهو.

لە 23 ی مانگی سێدا چوارەمین هەڵبژاردن لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا بەڕێوەچوو، بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنەکانی دیکە، ئەنجامەکان یەکلاکەرەوە نەبوون.

سەرۆکی ئیسڕائیل لەگەڵ ڕابەرانی حیزبە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا کۆدەبێتەوە تاوەکو کەسێک دەستنیشان بکات بتوانێت بە 61 کورسی لە کۆی 120 کورسی پەرلەمان حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت.

بەپێی یاسای ئیسڕائیل، ئەو کەسەی ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، 28 ڕۆژی لەبەردەستدا دەبێت، دواتر ئەگەر لەو ماوەیەشدا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، دوو هەفتەی دیکەی بۆ درێژ دەکرێتەوە.

واپێشبینی دەکرێت نەتانیاهو لەلایەن 30 نوێنەری لایەنگرانی حیزبی لیکۆد و 16 نوێنەری حیزبە جووە ئاینیە توندڕەوەکان و شەش دەنگی دیکە لە حیزبی " سەهیۆنی ئاینیی " توندڕەوەوە پشتیوانی لێبکرێت، ئەوەش دەکاتە 52 کورسی.

بەپێی سیناریۆکەی پێشووتر، سەرۆک وەزیر پێویستی بە 9 کورسی دیکە دەبێت تاوەکو بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG