Accessibility links

ئیسڕائیل ڕێگە بە بەکارهێنانی ڤاکسیی مۆدێرنا دەدات


کۆمپانیای دەرمانی مۆدێرنای ئەمەریکا وتی وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل ڕێگەیداوە بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.

مۆدێرنا لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل داوای شەش ملیۆن بەشی لە ڤاکسینەکە کردووە و واپێشبینی دەکرێت پڕۆسەی ڕادەستکردنی ڤاکسینەکە لە مانگی یەکدا دەست پێبکات."

هەریەک لە ئەمەریکا وکەنەدا بەکارهێنانی ڤاکسینی مۆدێرنایان پەسەند کردووە، لە ئێستاشدا لە هەندێک وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و سینگاپوور و سویسرا و بەڕیتانیا تاوتوێی پێدانی مۆڵەت بە ڤاکسینەکە دەکرێت.

کۆمپانیای مۆدێرنا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە ساڵی 2021 دا لانی کەم 600 ملیۆن بەشە ڤاکسین بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش 100 ملیۆن بەش زیاتر لەوەی کە پێشتر پێشبینی کرابوو.

تاوەکو ئێستا مۆدێرنا نزیکەی 18 ملیۆن بەشە ڤاکسینی داوە بە حکومەتی ئەمەریکا، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا لەسەر 200 ملیۆن بەش، هەروەها لەگەڵ حکومەتی کەنەداشدا لەسەر 40 ملیۆن بەشە ڤاکسین ڕێکەوتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG