Accessibility links

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل نزیک بۆتەوە لە لەکارلابردنی نەتانیاهو و پێکهێنانی حکومەتی نوێ


ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یائیر لاپید

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل بە فەڕمی بە سەرۆکی وڵاتەکەی ڕاگەیاند لەگەڵ هاوپەیمانە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا ڕێکەوتوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل.

بەر لە 35 خولەک لە کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی بۆی دیاریکرابوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یائیر لاپید بە سەرۆکی ئیسڕائیل ڕئیۆڤین ڕیڤلینی ڕاگەیاند " سەربەرزم پێت ڕابگەیەنم سەرکەوتوو بووم لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا."

ئۆفیسی سەرۆکی ئیسڕائیل وتی سەرۆک ڕیڤلین لەڕێی تەلەفونەوە پیرۆزبایی لە لاپید کردووە.

هاوپەیمانی سەرەکی لاپید نەفتاڵی بێنێتی نەتەوە پەرستە و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەسەڵات لەنێوانیاندا دابەش بکەن، بەجۆرێک دوو ساڵی یەکەم نەفتاڵی پۆستی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل وەردەگرێت و دوو ساڵی دووەم لاپید پۆستەکە وەردەگرێت.

ئەم حکومەتە هاوبەشە حیزبە سیاسییە بچوکەکانیش لەخۆدەگرێت، لەوانەش بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا لیستی حیزبی یەکگرتووی عەرەب کە نوێنەرایەتی لە سەدا 21 عەرەبەکانی ناو ئیسڕائیل دەکات بەشدار دەبێت لەو حکومەتەدا.

هەروەها حیزبی یەمینای نەفتاڵی بێنێت و حیزبی ناوەند و حیزبەکەی وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز و حیزبی چەپی مێریتێز و حیزبی کرێکاران و کۆمەڵێک حیزبی دیکە لەخۆدەگرێت.

حکومەتە نوێیەکە کە سەرجەم ئەم حیزبانە لەخۆدەگرێت بە جیاوازییەکی زۆر کەم زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، هەروەها واپێشبینی دەکرێت لە ماوەی 10 بۆ 12 ڕۆژی دیکەدا سوێندی یاسایی بخوات، ئەمەش ماوەیەکی کەم دەهێڵێتەوە لەبەردەم هەوڵەکانی تیمەکەی نەتانیاهودا بۆ ئەوەی یاسادانەران ڕازیبکەن دەنگ دژی حکومەتە نوێیەکە بدەن.

شیکەرەوە سیاسییەکانی ئیسڕائیل پێیان وایە نەتانیاهو هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو ئەو کارە بکات، بەتایبەتی ڕازیکردنی ئەندامانی حیزبی یەمینا کە دڵخۆش نین بە چوونەپاڵ عەرەب و حیزبە چەپەکانی دیکەوە.

بنیامین نەتانیاهو کە هێشتا وەڵامی ڕاگەیاندنەکەی لاپیدی نەداوەتەوە، لەکۆی 120 کورسییەکەی کنێست 30 کورسی هەیە، ئەوەش دوو هێندەی کورسییەکانی حیزبەکەی یائیر لاپیدە، هەروەها هاوپەیمانی لانی کەم سێ حیزبی نەتەوەپەرست و ئایینی دیکەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG