Accessibility links

پڕۆژەی ئیسڕائیل بۆ دانانی تەلەفریک لە ئۆرشەلیم فەڵەستینییەکان توڕە دەکات


پلانی ئیسڕائیل بۆ دانانی هێڵی تەلەفریک بەسەر ئۆرشەلیم و ئەڵقەی شارۆچکە کۆنەکەدا توڕەبوونی فەڵەستینییەکانی لێکەوتەوە و دەڵێن ئەو کارە شوێنەواری ئەو ناوچانە دەسڕێتەوە کە بەنیازن دەوڵەتی لەسەر دابمەزرێنن.

ئەو ‌هێڵەی پێشنیار کراوە لە ماوەی چوار خولەکدا نزیکەی سێ هەزار گەشتیار لە بەشی ڕۆژئاوای ئۆرشەلیمەوە بۆ شارۆچکەی کۆن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم دەگوازێتەوە. لەم هەفتەیەدا پلانەکە پێشکەش کرا ئەمەش دوای ئەوەی لیژنەی تایبەتی وەزیری دارایی پەسەندی کرد و گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساند.

حکومەتی ئیسڕائیل دەڵێت پڕۆژەکە 63 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و قەرەباڵغی هاتووچۆ کەم دەکاتەوە لەو ناوچەیەدا کە پڕە لە دانیشتوان و ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە ئاینیە مەسیحی و ئیسلامی و یەهودییەکان دەکەن.

وەزیرێکی ئیسڕائیل زەئیف ئیڵکین وتی " ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گەشتیاران بەلای شارۆچکەی کۆنی ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشێت." بەرپرسانی ئیسڕائیلی دەشڵێن ئەم پڕۆژەیە خزمەتی فەڵەستینییەکانی شارەکەش دەکات.

فەڵەستینیەکان دەڵێن ئاڕاستەی تەلەفریکەکە چەند مەترێک دوور دەبێت بەسەر ماڵەکانیانەوە لە ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و ناکۆکی دروست دەکات لەسەر داهاتووی شارەکە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ململانێکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینەوە.

بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی تەحریری فەڵەستینی حەنان عەشراوی وتی پلانەکە نایاساییە.

عەشراوی وتی " پڕۆژەی تەلەفریکی ئیسڕائیلی پێشێلکردنێکی تەواوی بەها ڕۆشنبیری و مێژوویی و ڕۆحی و جوگرافی و دیمۆگرافی قودسە."

فەڵەستینییەکان دەیانەوێت ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات کە شارۆچکەی کۆنی تێدایە ببێتە پایتەختی دەوڵەتی داهاتوویان. لە دوای جەنگی ساڵی 1967 ەوە ئیسڕائیل ئەو ناوچەیەی گرتەخۆ و دەڵێت سەرتاسەری شارەکە پایتەختی هەمیشەیی ئیسڕائیلە و ڕازی نابێت بە دابەشکردنی شارەکە.

پڕۆژەکە داندراوە لە ساڵی 2021 دا جێبەجێ بکرێت بەڵام هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی حکومەت هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG