Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل: پارێزراویی ئێران تەواو بوو


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت وتی سەردەمی پارێزراویی ئێران تەواو بوو، ئەوەش هەفتەیەک دوای کوژرانی کۆلۆنێڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران.

حەسەن سەیاد خۆدایی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسڕائیلییەکانی جیهان تۆمەتبار کرابوو، لەلایەن دوو کەسەوە لەناو ئوتومبێلەکەی خۆیدا لە تاران بە فیشەک کوژرا. ئەم جۆرە تاکتیکەش هاوشێوەی کوشتنەکانی دیکەی ناو ئێران بوو کە زیاتر زاناکانی ئێرانیان لە بواری ناوەکیدا کردۆتە ئامانج و ئێرانیش بەرپرسیارێتی ئەو کوشتنانەی خستۆتە سەر ئەستۆی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسڕائیل.

دوای کوژرانی کۆلۆنێڵەکە لە تاران، دەزگای هەواڵی ئیسنای ئێران وتی ئەندامانی تۆڕێکی هەواڵگری ئیسڕائیل ئاشکرا بوون و لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت، کە سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری موساد دەکات، ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر کوشتنەکە بدات.

بەڵام ڕۆژی یەکشەممە بێنێت لە لێدوانێکدا بۆ وەزیرەکانی، ئێرانی بە تۆمەتی بە ئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل تۆمەتبار کرد.

بێنێت وتی " ماوەی چەند دەیەیەکە ڕژێمی ئێران لەڕێی بریکار و نێردراوەکانییەوە تیرۆری دژی ئیسڕائیل ئەنجامداوە، بەڵام ڕابەری ئۆکتۆپۆسەکە، ئێران خۆی، چێژی لە پارێزراوییەکەی وەرگرتووە."

وتی " وەکو پێشتر وتوومانە، سەردەمی پارێزراویی ڕژێمی ئێران تەواو بوو. ئەوانەی پشتیوانی دارایی لە تیرۆریستان دەکەن و ئەوانەی چەک دەدەن بە تیرۆریستان و ئەوانەشی کە تیرۆریستەکان دەنێرن باجێکی گەورە دەدەن."

ئێران بەڵێنیداوە تۆڵەی کوژرانی خۆدایی بکاتەوە و پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG