Accessibility links

ئیسڕائیل ڕایدەگەیەنێت هاریکاری لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ناکات


ئیسڕائیل بە فەڕمی ڕایگەیاند هاریکاری لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناکات سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەسەر خاکی فەڵەستینیەکان.

دادوەری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڤاتۆ بنسۆدا لە سێی مانگی سێدا ڕایگەیاند دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر " تاوانی جەنگ " لەسەر خاکی فەڵەستین.

جێی ئاماژەیە ئیسڕائیل ئەندام نیە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.

لە نۆی مانگی سێدا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نوسراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە دواخستنی لێکۆڵینەوەکاندا، ئەمەش ماوەی یەک مانگی دایە ئیسڕائیل و دەسەڵاتی فەڵەستین تاوەکو پێی ڕابگەیەنن ئەو لێکۆڵینەوانەی خۆیان ئەنجامی دەدەن لەسەر تاوانەکانی جەنگ هاوشێوەی لێکۆڵینەوەکانی دادگاکەن یاخود نا.

ئەگەر ئیسڕائیل بە دادگاکەی ڕابگەیەندایە کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ دەکات، ئەوا ئیسڕائیل دەیتوانی داوای دواخستنی لێکۆڵینەوەکانی دادگاکە بکات.

بەڵام تەنها یەک ڕۆژ پێش بەسەرچوونی ماوەکە، ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " حکومەتی ئیسڕائیل بڕیاریداوە هاریکاری لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا نەکات."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئیسڕائیل پەیامێک ئاڕاستەی دادگاکە دەکات و تیایدا " سەرجەم تۆمەتەکانی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕەت دەکاتەوە."

لەلای خۆیانەوە فەڵەستینیەکان پێشوازییان لە لێکۆڵینەوەکان کرد و ڕایانگەیاند داوای هیچ دواخستنێک ناکەن، لە ساڵی 2015 دا فەڵەستین بووە ئەندامێک لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG