سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لوبنان بە بەرپرسیار دادەنێت لەو تونێلانەی حزبوڵڵا بۆ ناو خاکی ئیسرائیلی لێداون، وە دەڵێت حزبوڵڵا تەواوی لوبنان دەخاتە بەر مەترسیـیەوە.
بەنجامین نەتەنیاهو ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد مۆڵەت بە هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان UNIFIL بدات بگاتە هەموو شوێنێکی باشوری لوبنان تاوەکو تونێلەکان ئاشکرابکات بەر لەوەی حزبوڵڵا تێکیان بدات و بەڵگەکان بشارێتەوە.
ئەم داوایەی نەتەنیاهو چەند کاژمێرێکە بەر لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دانیشتنێک ئەنجام بدات لەسەر داوای ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر ئەو تونێلانەی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنانەوە بە ئاڕاستەی ئیسرائیل لێی داون.
نەتەنیاهو ڕەخنەی لە لەشکری لوبنان گرت و گوتی هیچ کارێک ئەنجام نادات بۆ ڕاگرتنی حزبوڵڵا و جگە لەوە چەکەکانیشی ڕوو لە ئیسرائیلیـیەکان دەکات. ئاگاهیشی دا کە ئیسرائیل خۆی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەرچی لە توانایدا بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی و خەڵکەکەی. داواشی لە هێزەکانی یونیفیل کرد بە جدی ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن.
لە لایەکی دیکە دانی دانون نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کاردانەوەی توندی هەبێت بەرامبەر ڕەفتارەکانی حزبوڵڵا کە هەتا دێت و پەرە بە هێزی خۆی دەدات. دەڵێت ئەمە پـێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 1701 ی ئەنجومەنی ئاسایشە کە لە ساڵی 2006 وە پەسەندکراوە و تیایدا سنوور بۆ عەمباری چەکی حزبوڵڵا دانراوە.
لەشکری ئیسرائیل لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆیەکی ڕوونکردنەوەی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا شوێنی تونێلێکی حزبوڵڵای نیشان دەدات.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کچە سەربازێکی ئیسرائیلی نیشان دەدات لە گوندێکی باکوری ئیسرائیل لە نزیک سنووری لوبنان و بە زمانی ئینگلیزی بە جیهان دەڵێت لێرە خەڵکی سیڤیل هەن و لە دیوی لوبنانیشەوە بە هەمان شێوە بەڵام ئەوە ئێرانە لە دوری سەدان میلەوە کار دەکات بۆ نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لەم ناوچەیە، ئەمەش لە ڕێگەی حزبوڵڵاوە.