Accessibility links

سەرچاوەکان: حەماس ئامادەیە بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە کەرتی غەزە


دوو سەرچاوەی نزیک لە سەرکردایەتی گروپی چەکداری حەماس ئاماژەیان بەوەدا حەماس ئامادەیە بۆ جەنگێکی درێژخایەن لە کەرتی غەزەدا و باوەڕیان وایە دەتوانێت ئەوەندەی پێویست بکات پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسڕائیل ڕابگرێت تاوەکو ناچاری بکات لەسەر ئاگربەست ڕێکبکەوێت.

سەرچاوەکان کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن ئاماژەیان بەوەدا حەماس کە فەرمانڕەوایی غەزە دەکات، کۆگای چەک و موشەک و خۆراک و پێداویستییە تەندروستییەکانی هەیە. وتیشی حەماس متمانەی هەیە بەوەی هەزاران چەکدارەکەی دەتوانن بۆ چەندین مانگ لە تونێلەکانی شارەکەدا کە بە ژێر غەزەدا دروستکراون بژین و هێزەکانی ئیسڕائیل بە تەکتیکە گەریلاییەکانییان بێزار بکەن.

وتیشییان حەماس باوەڕی وایە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل تاوەکو گەمارۆکەی لابدات، لە کاتێکدا کە قوربانییەکان لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلدا زیاتر دەبێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل ناچار بکرێت لەسەر ئاگربەست و چارەسەرێکی گفتوگۆ لەسەرکراو ڕێکبکەوێت، کە ئەوەش ڕەنگە حەماس سوودی لێوەربگرێت بۆ ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسڕائیلدا و لە بەرامبەر ئەوەشدا ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان.

بەپێی چوار بەرپرسی حەماس و بەرپرسێکی ناوچەکە و کەسێک کە نزیکە لە بیرکردنەوەی کۆشکی سپییەوە، حەماس لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیدا لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمەریکادا لە قەتەڕدا سەبارەت بە بارمتەکان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دەیەوێت زیندانییەکانی ئازاد بکرێن لە بەرامبەر بارمتەکاندا.

حەماس ئاماژەشی بەوە داوە کە دەیەوێت کۆتایی بە گەمارۆ 17 ساڵەکەی ئیسڕائیل بهێنێت بۆ سەر غەزە و ڕاگرتنی فراوانبوونی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیلییەکان و " کارەکانی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل لە مزگەوتی ئەل ئەقسا."

ڕۆژی پێنجشەممە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی مرۆییان کرد لە غەزە، وتیان فەڵەستینییەکانی غەزە لە ژێر " مەترسی کۆمەڵکوژیدان."

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئوردن و جێگری پێشووی سەرۆک وەزیری ئوردن، مەڕوان ئەل مواشیر، کە ئێستا کار بۆ کارنیج ئینداونمێنت دەکات بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی لە واشنتن، وتی " ئەرکی لە ناوبردنی حەماس بە ئاسانی نابێت."

وتیشی " هیچ چارەسەرێکی سەربازیی بۆ ململانێکە بوونی نیە. ئێمە لە ساتێکی تاریکداین. ئەم جەنگە کورت نابێت."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات و داواکانی بۆ ئاگربەست ڕەت کردووەتەوە،. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن هیچ گومانێکییان نیە لەوەی لەبەردەمییاندا چی دەبێت و چەکدارانی حەماسییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خۆشاردنەوە لە پشت هاووڵاتییانی سڤیلەوە.

باڵیۆزی پێشووی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و بەرگری کنێست، دانی دانۆن، وتی وڵاتەکە خۆی بۆ جەنگێکی "درێژخایەن و بە ئازار " ئامادە کردووە.

دانۆن بە ڕۆیتەرزی وت "دەزانین لە کۆتاییدا سەردەکەوین و حەماس لە ناودەبەین. پرسیارەکە ئەوەیە بە چ نرخێک دەبێت، هەروەها دەبێت زۆر وریا و ئاگادار بین و تێبگەین لەوەی کە ناوچەیەکی دانیشتوانی زۆر ئاڵۆزە بۆ جموجۆڵکردن."

ئەمەریکا وتوویەتی ئێستا کاتی ئاگربەستێکی گشتی نیە، بەڵام دەڵێت وەستانی کاتی لە جەنگەکەدا پێویستە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.

شارەزایەکی فەڵەستینییەکان لە کاروباری نێودەوڵەتی زانکۆی قەتەڕ کە توێژینەوەی لەسەر حەماس کردووە، ئەدیب زیادە، وتی حەماس دەبێت پلانێکی درێژخایەنی هەبووبێت دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسڕائیل.

زیادە بە ڕۆیتەرزی وت "ئەوانەی کە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 یان ئەنجامدا، بەو ئاستە پیشەییە و بەو کارامەیی و ورد و چڕییە، دەبێت ئامادەبووبێتن بۆ جەنگێکی درێژخایەن. ڕێی تێناچێت بۆ حەماس ئەو جۆرە هێرشە ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی ئامادە نەبێت و حسابی بۆ دەرەنجامەکانی نەکردبێت."

سەرچاوەیەکی نزیک لە بیرکردنەوەی کۆشکی سپییەوە وتی واشنتن پێشبینی ئەوە دەکات حەماس هەوڵی بێزارکردنی هێزەکانی ئیسڕائیل بدات لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی ناو غەزەدا و زیانێکی گەورە بە سوپای ئیسڕائیل بگەیەنێت، ئەوەش لە پێناو لاوازکردنی پاڵپشتی گشتی ئیسڕائیلییەکان بۆ جەنگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG