ڕۆژی یەکشەممە، لە سەدهەمین ڕۆژی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل باشوور و ناوەڕاستی غەززەیان بۆردومان کرد و شەڕێکی سەختیش لە هەندێک لە ناوچەکانی کەرتەکەدا بەڕێوەدەچێت.
سێ ڕۆژ دەبێت خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت نەماون، ئەوەش بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی کارەکانی فریاگوزاری خێرا و ئەو تیمە فریاگوزارییانەی کە یارمەتی خەڵکەکە دەدەن لەو ناوچانەدا کە شەڕییان تێدایە.
سەنگی شەڕەکە لە شاری خان یونسی باشووری غەززە بوو، کە لەوێ حەماس وتی چەکدارەکانی لە تانکێکی ئیسڕائیلییان داوە، شەڕێکی توندیش لە ئەل بورێجی و ئەل مەغازی لە ناوەڕاستی غەززە بەڕێوەدەچێت، سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لەو ناوچانەی ناوەڕاست چەندین چەکدار کوژراون.
سوپای ئیسڕائیل وتیشی چەندین سایلۆیان لە ناوبردووە کە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێندراون بۆ هەڵدانی موشەک دژی ئیسڕائیل، حەماس دەریخست کە هێشتا توانای موشەک هەڵدانی ماوە، چەند موشەکێکی ئاڕاستەی شارۆچکەی ئەشدودی ئیسڕائیل کرد کە 40 کم لە غەززەوە دوورە. هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی لەو شارۆچکەیەدا.
وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 125 کەس کوژراون و 265 کەسی دیکە بریندار بوون، بەوەش ژمارەی کوژراوەکان لە غەززە بەرز بووەوە بۆ نزیکەی 24,000 کەس، زیاتر لە 60,000 کەسیش بریندار بوون.
سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە ئیستەنبوڵی تورکیاوە لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە ستایشی هێرشەکانی حەماسی کرد لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشانەی حەماسدا زیاتر لە 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و نزیکەی 240 کەس بە بارمتە گیران.
ئیسماعیل هەنییە لە ئیستەنبوڵەوە وتی " ئێمە هەوڵی جەنگ نادەین، هەوڵی ئازادی دەدەین." وتیشی بەشێکی هۆکاری هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ گەمارۆ چەندین ساڵەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە حەماس لە ساڵی 2007 دا کۆنتڕۆڵی کرد.
حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەڵێنی داوە ئیسڕائیل لە ناوببات.
سوپای ئیسڕائیل دەڵێت ئێستا چووەتە قۆناغێکی نوێی جەنگەکەوە زیاتر سەنگ دەخاتە سەر باشووری کەرتی غەززە، کە لەوێ نزیکەی 2 ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی لە خێمەکان و پەناگە کاتییەکانی دیکەدا دانیشتوون، ئەوەش دوای ئەوەی قۆناغی سەرەتایی جەنگەکە سەنگی خستبووە سەر پاککردنەوەی باکووری غەززە لە چەکدارانی حەماس.
لە باکووری غەززە، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە ڕۆژنامەنووسێکی ناوخۆیی کوژراوە، ئەمەش ژمارەی کوژراوانی لە نێو ڕۆژنامەنووساندا لە جەنگەکەدا بەرز کردەوە بۆ زیاتر لە 100 ڕۆژنامەنووس، ئەوەش بەپێی ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە.
لە بەیاننامەیەکی ئیسڕائیلدا کە لە 16 ی مانگی دوانزەدا وەکو وەڵامێک بۆ کوژرانی ڕۆژنامەنووسێک لە غەززە بڵاویکردەوە، دەڵێت " سوپای ئیسڕائیل هەرگیز بە مەبەست ڕۆژنامەنووسانی نەکردووەتە ئامانج و ناشیانکاتە ئامانج."
لە سنووری باکووری ئیسڕائیلیشدا لەگەڵ لوبنان کە لەوێ بەردەوام شەڕێکی ئاست نزم هەبووە لە نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی حیزبوڵادا، سوپا وتی چوار چەکداری کوشتووە کە هەوڵییانداوە سنوورەکە ببەزێنن.
وتی چەندین موشەکی دژە تانک بەرەو باکووری ئیسڕائیل هەڵدراون، یەکێکییان لە ماڵێکی داوە لە گوندی کفار یوڤال. بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ژنێکی تەمەن 76 ساڵ و کوڕەکەی کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز