ڕۆژی سێشەممە ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس چووە ڕۆژی پێنجهەمییەوە، لە کاتێکدا کە گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان بەڵێن دەدات بارمتەی زیاتر ئازاد بکات بۆ دواخستنی دەستپێکردنەوەی جەنگەکە، هاوکات ئیسڕائیل لە ژێر فشارێکی زۆردایە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی کاتێک هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە.
حەماس و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە، لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا کە بۆ ئاگربەستەکە زیاد کراوە، بڕیارە حەماس دوو جاری دیکە بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل فەلەستینییە زیندانیکراوەکان ئازاد بکات. بەڵام ئیسڕائیل چەند جارێک بەڵێنیداوە کاتێک کە هیچ بارمتەیەک لە ژێر دەستی حەماسدا نامێنێت، جەنگەکە بە " هێزێکی تەواوەوە " دەستپێبکاتەوە بۆ لە ناوبردنی حەماس.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دواتر لەم هەفتەیەدا سەردانی ناوچەکە بکات، کە سێیەمین سەردانی دەبێت بۆ ناوچەکە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت بلینکن فشار بکات بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر.
بەپێی بەرپرسانی ئەمەریکا، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە ئیسڕائیل کردووە کاتێک هێرشەکەی دەستپێدەکاتەوە خۆی بە دووربگرێت " لە ئاوارەکردنی ژمارەیەکی زۆر " لە هاووڵاتییانی سڤیل و کوژرانی بە کۆمەڵ لە نێو هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینییەکاندا، داواشی لێکردووە وردتر بێت لە هێرشەکانیدا لە باشووری غەززە. بەرپرسەکان نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن، ئەوەش بەهۆی یاساکانی کۆشکی سپییەوە.
هاوکات سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش جەختی لە داواکەی کردەوە بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەن و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی فەلەستینییەکان هێشتا نزیکەی 160 کەسییان وەکو بارمتە لاماوە، لە کۆی ئەو 240 کەسەی کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو بارمتە گرتیانن و گواستییاننەوە بۆ غەززە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە ئێستا هەیە و قەتەڕ و میسڕ نێوەندگرییان تێدا کردووە، ئازادکردنی ئەو 160 بارمتەیەی کە ماونەتەوە پێویستی بەوە هەیە ئاگربەستەکە بۆ دوو هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە. بەڵام پێشبینی دەکرێت حەماس داواکاری زیاتری هەبێت بۆ ئازادکردنی سەربازە ئیسڕائیلییە دەستبەسەرکراوەکان.
ئیسرائیل بەڵێنیداوە کۆتایی بە دەسەڵاتە 16 ساڵەییەکەی حەماس بهێنێت لە غەززە و توانا سەربازییەکانی لە ناوببات. بەڵام ڕەنگە بۆ ئەنجامدانی ئەوە پێویست بێت هەڵمەتە سەربازییەکەی کە تا ئێستا سەنگی خستبووە سەر باکووری غەززە و بەهۆیەوە هەزاران فەلەستینی کوژراون، بگوازێتەوە بۆ باشووری غەززەش، کە لەوێ سەدان هەزاران ئاوارە چوونەتە ناو پەناگە قەرەباڵغەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
ئیسرائیل حەماس تۆمەتبار دەکات لەسەر کوژرانی هاووڵاتییانی فەلەستینی و دەڵێت چەکدارانی حەماس هاووڵاتییانی سڤیلییان وەکو قەڵغان بەکارهێناوە و لە ناوچەکانی دانیشتوانەوە شەڕ دەکەن.
تاوەکو ئێستا 51 بارمتەی ئیسڕائیلی بەپێی ئاگربەستە چوار ڕۆژەییەکەدا ئازاد کراون، هاوکات 19 بارمتەی دیکەی بیانی ئازاد کراون. ئیسڕائیلیش 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد کردووە. ئیسڕائیل وتی ئەگەر ڕۆژانە 10 بارمتە ئازاد بکرێن ئەوا ئاگربەستەکە درێژ دەکاتەوە.
سەرچاوە/ AP