دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارە فەلەستینییەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 450,000 فەلەستینی ناچار کراون شاری ڕەفەحی باشووری غەززە چۆڵ بکەن، ئەمەش لە نێوەندی پێشڕەویکردنی هێزەکانی ئیسڕائیلدا بۆ ناوچەکە.
زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان کردووەتە ڕەفەح و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، زۆرێک لەو فەلەستینییانە لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ڕەفەح.
دەزگای ئونروای نەتەوە یەکگرتووەکان وتی خەڵکەکە ماندووبوون و ڕووبەڕووی ترس و برسێتی بوونەتەوە. هیچ شوێنێک پارێزراو نیە. تەنها هیوا ئاگربەستێکی دەستبەجێیە."
ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکەش داوایان لە ئیسڕائیل کردووە خۆی بە دووربگرێت لە ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەح، هۆشدارییان داوە و دەڵێن ئەگەر ئیسڕائیل ئەو کارە بکات ئەوا ڕەنگە کارەساتێکی مرۆیی لەو شارەدا ڕووبدات. بەڵام سەرکردەکانی ئیسڕائیل دەڵێن ڕەفەح دوایین شوێنی چەکدارانی حەماسە و هێرشکردنە سەر شارەکە پێویستە بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکەی ئیسڕائیل لە جەنگەکەدا بۆ لە ناوبردنی حەماس لە غەززەدا.
ڕۆژی سێشەممە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی کاتی 60 قەرەوێڵەیی لە ڕەفەح ڕاگەیاند.
کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور وتی نەخۆشخانەکە خزمەتگوزارییەکانی نەشتەرگەری بەپەلە و چاودێری منداڵبوون و ئافرەتان و منداڵان لە ڕۆژێکدا بۆ نزیکەی 200 کەس دابین دەکات.
وتی " لە کاتێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ پێویستییەکانی تەندروستی لە غەززە زیاتر دەبن، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور جەخت لە داواکەی دەکاتەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە ژێر یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا. هیچ نەخۆشێک نابێت لە کاتێکدا کە لە نەخۆشخانە کەوتووە بکوژرێت. هیچ پزیشکێک هیچ پەرستارێک یاخود هیچ شارەزایەکی دیکەی تەندروستی نابێت لە کاتی کارکردنییاندا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک بکوژرێن."
یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کەم بوونەتەوە لە کاتێکدا کە دوو خاڵە سنوورییە سەرەکییەکەی نزیک ڕەفەح هێشتا بە داخراویی ماونەتەوە، کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانیش کۆشش دەکەن لە دابەشکردنی یارمەتییەکان و خۆراکدا بۆ سەدان هەزاران ئاوارەی فەلەستینی.
ڕۆژی دووشەممە جێگری وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە کەرتی غەززەدا ڕاگیراون.
فەرحان حەق وتی " هیچ یارمەتییەکی مرۆیی بە خاڵی سنووری ڕەفەحدا تێپەڕ نابێت چونکە داخراوە. هەروەها هێشتا ناتوانرێت بە شێوەیەکی پارێزراو بگەیت بە خاڵی سنووری کەریم شالۆم. ئێمە هەوڵ دەدەین شتەکان لە ڕێی خاڵی سنووری ئێریزەوە بگەیەنین، بەڵام بڕی ئەو شتانەی کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دەگەیەندرێن زۆر کەم بوون."
وتیشی " لەم قۆناغەدا ئێمە کەمیمان هەیە لە سوتەمەنیدا."
حەق ڕاشیگەیاند کە کارمەندێکی بەشی ئاسایش و پارێزراویی نەتەوە یەکگرتووەکان کوژراوە و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە، ئەوەش لە کاتێکدا کە ئوتومبێلەکەیان ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەیدا بووە بۆ نەخۆشخانەی ئەوروپی لە ڕەفەح و لێیدراوە.
وتی " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی سەرجەم هێرشەکان دەکات بۆ سەر کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای لێکۆڵینەوەیەکی تەواو دەکات. پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی کارمەندە کوژراوەکە دەکات."
نزیکەی سەرانسەری دانیشتوانەکەی غەززە پشتییان بە یارمەتییە مرۆییەکان بەستووە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی و ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەی لە ڕەفەح چڕتر کردەوە و هاوکات فەرمانی بە دانیشتوانی چەند بەشێکی شارەکە کرد چۆڵی بکەن. ئیسڕائیل دەڵێت ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سنووردارە بۆ لە ناوبردنی ژێرخانی حەماس لە شاری ڕەفەحدا کە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ.
کاردانەوەی ئەمەریکا:
ڕۆژی دووشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدن پێی وانیە کوژرانی فەلەستینییەکانی غەززە لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە جەنگەکەیدا دژی حەماس کۆمەڵکوژی بێت.
سۆلیڤان وتی " باوەڕمان وانیە ئەوەی کە لە غەززە ڕوودەدات کۆمەڵکوژی بێت. بە توندی دژایەتی ئەو بۆچوونەمان کردووە."
سۆلیڤان وتی ئەمەریکا دەیەوێت حەماس شکستی پێبێت، فەلەستینییەکانیش لە نێوەندی ئەم جەنگەدا گیرییان خواردووە و لە " دۆزەخدان " و هێرشی گەورەی ئیسڕائیل بۆ سەر ڕەفەح هەڵە دەبێت.
بایدن کە لەم ساڵدا جارێکی دیکە هەوڵ دەداتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەربکەوێت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە تەنانەت لەلایەن لایەنگرەکانی خۆشییەوە لە ناوخۆدا، ئەوەش لەسەر پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل. هەندێک لە ڕەخنەگران ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە غەززەدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا