Accessibility links

کڵێسایەکی ئۆرتۆدۆکس لە غەززە دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لێی دراوە


کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند کڵێسایەکی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی لە کەرتی غەززە کە پەناگەی سەدان ئاوارەی فەڵەستینی بووە شەوی ڕابردوو بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە لێی دراوە، بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکانیش دەڵێن 16 کەس کوژراون.

کڵێساکە ئاماژەی بەوە نەدا چەند کەس کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل وتی بەشێکی کڵێساکە لە هێرشەکە زیانی بەرکەوتووە، وتیشی هێرشەکە کراوەتە سەر ناوەندێکی سەرکردایەتی و پێداچوونەوەش بە ڕووداوەکەدا دەکات.

بەرپرسانی فەڵەستینی دەڵێن لانیکەم 500 هاووڵاتی موسوڵمان و کریستیان لە ترسی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل پەنایان بردووە بۆ کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی سەینت پۆرفیریوس.

کڵێساکە لە بەیاننامەیەکدا وتی "کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ئۆرشەلیم بە توندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل دەکات کە بینای کڵێسەیەکی لە شاری غەززە پێکاوە."

وەزارەتی تەندروستی حکومەتەکەی حەماس لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا وتی 16 کریستیانی فەڵەستینی لە ڕووداوەکەدا کوژراون.

2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە نزیکەی 1000 کریستیانییان تێدایە کە زۆربەیان سەر بە ئۆرتۆدۆکسی یۆنانین.

سوپای ئیسڕائیل وتی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ناوەندێکی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵییان کردووەتە ئامانج کە لە نزیک کڵێساکە بووە و بەکارهاتووە بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکان دژی ئیسڕائیل.

وتی "لە ئەنجامی هێرشەکەی هێزی بەرگری ئیسڕائیلدا، دیواری کڵێسایەک لە ناوچەکەدا زیانی پێگەیشتووە. ئاگاداری هەواڵەکانین لەسەر قوربانییەکان. ڕووداوەکە لە ژێر پێداچوونەوەدایە."

وتیشی "هێزی بەرگری ئیسڕائیل بەبێ هیچ گومانێک دەتوانێت بڵێت کە کڵێساکە ئامانجی هێرشەکە نەبووە."

بەڵام شایەتحاڵان دەڵێن زیانەکە لە ناو کڵێساکەدا زۆر فراوان بووە.

ئەنجومەنی کڵێسای فەڵەستینییەکان کە لەلایەن سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسەوە دەستنیشان کراوە، وتی "ئەمە دەریدەخات کە ئەو ئامانجانەی کە ئیسڕائیلی داگیرکار هێرشییان دەکاتە سەر خەڵکی بێ چەک و منداڵ و ژن و بەساڵاچووانن."

کڵێساکە هەروەها کۆنترین کڵێسای چالاکە لە غەززە کە دەکەوێتە بەشی مێژوویی شارەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG