Accessibility links

سەرۆکی ئیسڕائیل داواکەی گانتز ڕەت دەکاتەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پێکهێنانی حکومەت


سەرۆکی ئیسڕائیل ڕیئۆڤین ڕێڤیلین داوایەکی بێنی گانتزی ڕەت کردەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل، ئەمەش دوای ئەوەی گانتز ڕاسپێردرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و ڕکابەری سەرەکی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆیە.

شارەزایانی سیاسی ئیسڕائیل دەڵێن بڕیارەکەی ڕێڤلین ئەگەری ئەوە دەهێنێتە کایەوە بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردن لە ئیسڕائیل ئەنجام بدرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی چواری ساڵی 2019 دا هەڵبژاردن ئەنجامدرا و ئەنجامەکان یەکلاییکەرەوە نەبوون، هەروەها لە هەمان ساڵدا لە مانگی 9 دووبارە هەڵبژاردن کرایەوە و ئەنجامەکان وەکو خۆیان بوون، لەکۆتاییدا مانگی ڕابردوو بۆ سێهەمین جار هەڵبژاردن کرایەوە و سەرۆکی ئیسڕائیل بێنی گانتزی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسڕائیل.

گانتزی ڕابەری پارتی شین سپی و ناتانیاهوی ڕابەری پارتی لیکۆد تاوتوێی دابەشکردنی دەسەڵات دەکەن لە نێوانیاندا، ئەمەش لە پێناو پێکهێنانی " حکومەتێکی بەپەلە " دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەفتەی ڕابردوو گانتز و ناتانیاهو نزیک بوونەوە لە ڕێکەوتن، بەڵام کۆمەڵێک کۆسپ هاتنە بەردەمیان و ئەوەش گانتزی ناچار کرد داوا لە سەرۆکی ئیسڕائیل بکات ماوەی پێکهێنانی حکومەت درێژ بکاتەوە کە ماوەکەی 28 ڕۆژە و لە 14 ی مانگی چواردا ماوەکە بەسەر دەچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG