وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز پێشنیارێکی ئاگربەستی بۆ شەڕەکەی سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان ڕەت کردەوە، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و فەڕەنسا و هەشت وڵاتی دیکە داوای وەستانێکی 21 ڕۆژەییان کرد لە شەڕەکەدا.
کاتز وتی " ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕەکە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵا بە هەموو هێزێکمانەوە هەتاوەکو سەرکەوتن و گەڕانەوەی پارێزراویی دانیشتوانی باکوورمان بۆ ماڵەکانی خۆیان."
بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێرشی ئاسمانی ورد لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجام دەدات. دەنگی تەقینەوە بیستراوە و دوکەڵیش لە ناوچەکانی باشووری بەیروت بەرز بووەتەوە.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی نەتانیاهو وەڵامی پێشنیاری ئاگربەستی نەداوەتەوە و فەرمانی بە هێزەکانی ئیسڕائیل کردووە بەردەوام بن لە شەڕکردن بە " تەواویی هێزییانەوە."
بەیاننامە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت ئاگربەست ڕێگە بە گفتوگۆ دەدات بەرەو چارەسەرێکی دیبلۆماسی کە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بگونجێت، کە داوای ڕاگرتنی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا دەکات، هەروەها داوای ئاگربەستێکی دیکەش دەکات لە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا لە غەززە.
ئوستڕاڵیا و کەنەدا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و سعودیە و ئیماڕات و قەتەڕیش بەشدارییان لە داواکەدا کرد بۆ ئاگربەست، لە داواکەدا هاتووە دەڵێت " ململانێیەکی ناوچەیی لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە و لە بەرژەوەندی گەلی ئیسڕائیل و گەلی لوبنانیشدا نیە."
بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا وتییان هێشتا کات ماوەی بۆ دیبلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا سابرینا سینگ وتی " دەمانەوێت چارەسەرێکی دیبلۆماتی ببینین، دەمانەوێت بەپەلە ئەوە ببینین." ئاماژەی بەوەدا سوپای ئەمەریکا هیچ پشتیوانییەکی هەواڵگری و سەربازیی نادات بە ئیسڕائیل لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا لە لوبنان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل پێشنیاری ئاگربەست لە شەڕەکەی لوبنان ڕەت دەکاتەوە
